گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حەكيم: پێويستە هاريكارى لەنێوان بەغدا و هەرێم هەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەى گەندەڵى

نێچيرڤان بارزانى بۆ حەكيم: هەر هەڕەشەيەك لەسەر بەغدا هەڕەشەيە بۆ سەر هەرێم

2020.09.02 - 20:33
App store icon Play store icon Play store icon
نێچيرڤان بارزانى بۆ حەكيم: هەر هەڕەشەيەك لەسەر بەغدا هەڕەشەيە بۆ سەر هەرێم

ناس کورد- 

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە كۆبونەوەى لەگەڵ عەممار حەكيم سەرۆكى هاوپەيمانى عراقيون ڕایگەیاند، هەر هەڕەشەيەك لەسەر بەغدا دروست ببێت هەڕەشەيە لەسەر شارەكانى هەرێمى كوردستانيش، حەكيميش جەختى لەسەر چارەسەرى بنەڕەتى كێشەكانى نێوان هەردولا و هاريكارى لە ڕوبەڕوبونەوەى گەندەڵى کردەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

نوسينگەى عەممار حەكيم لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويكردەوە، سەرۆكى هاوپەيمانى عێراقيون پێشوازى لە نێچیرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان کردووە و ژمارەيەك ئەندامى دەستەى سەركردايەتى هاوپەيمانێتييەكەش ئامادەى کۆبوونەوەکە بوون.

 

لەلايەكى ترەوە نوسينگەى نێچیرڤان بارزانى بڵاويكردەوە، سەرۆكى هەرێم لە كۆبونەوەكەدا وتويەتى كە قەيرانى ڕێكخراوى داعش سەلماندى هەولێر پەيوەندى بە هەموو ئەو شتانەوە هەيە لە بەغدا ڕوودەدەن، بيرۆكەى ئەوەى هەولێر پەيوەندى بە ڕوداوەكانى بەغداوە نييە لاى هەندێك كەس بوون بەڵام نەمان، هەر هەڕەشەيەك لەسەر بەغدا دروست دەبێت هەڕەشەيە بۆ سەر شارەكانى هەرێمى كوردستانيش و بە پێچەوانەشەوە.

 

سەرۆكى هەرێمى كوردستان جەختیشى كردوەتەوە، پێويستە چارەسەر بۆ كێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان بەغدا و هەولێر بدۆزرێتەوە و بەرەو چارەسەرى ڕاستەقينە و ڕیشەيى بڕۆين ئەوەش پێويستى بەوە هەيە هەموو لايەنەكان ئيرادەى سياسيان هەبێت بۆ چارەسەر، هەروەها پيرۆزبايى لە دروستبونى هاوپەيمانى عێڕاقيونيش كردوە.

 

نێچيرڤان بارزانى جەختى لەوەكردوەتەوە، پشتگيرى حكومەتەكەى مستەفا كازمى دەكات و بەپێويستيشى زانيوە كە وەبەرهێنان لە پاڵپشتى نێودەوڵەتى بۆ عێراق بكرێت، هێزە سياسيەكانى هەولێر شيكردنەوە بۆ ياساى هەڵبژاردنەكان دەكەن و ئەو ئاڵنگاريانەى ڕوبەڕوى هەولێر دەبێتەوە هەمان ئەو ئاڵنگاريانەن كە سەرجەم پارێزگاكانى عێراق ڕوبەڕويان دەبێتەوە.

 

لاى خۆشيەوە عەممار حەكيم باسى لەوە كردوە، قۆناغى ئێستا پێويستى بە گرێبەستێكى كۆمەڵايەتى نوێيە كە سەرجەم ئاڵنگاريیەكان و گۆڕانگاريیەكانى ئێستاى تێدا لەبەرچاو بگیرێت، هەندێك لە كێشەكان هۆكارەكەى سيستمى سياسييە كە ئەويش پێويستى بە گەشەپێدان هەيە.

 

سەرۆكى هاوپەيمانى عێراقيون ڕونيشيكردەوە، پێويستە ياساى هەڵبژاردنەكان و دادگاى فيدراڵى يەكلايى بكرێنەوە چونكە گرنگترين كۆڵەكەكانى هەڵبژاردنى داهاتون و يەكەميان میکانیزمى هەڵبژاردنە و دوەميشيان ئەو لايەنەيە كە شەرعيەت بە پرۆسەى هەڵبژاردن دەدات.

 

داواشى كردوە يەكلاكردنەوەيەكى مێژويى لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبێت ئەويش لەو ڕوانگەيەوە كە هەموان براوەبن و سازش بۆ بەرژەوەنديەكانى عێراق بكەن، مەرجەكانى چارەسەريشمان ديارى كردوە كە پێويستى بە ئيرادەى سياسى و سازشى نێوان هەردولايە بۆ ئەوەى بگەنە چارەسەرێكى ڕيشەيى لەژێر چەترى ياسا و دەستوردا.

 

حەكيم لەبەردەوامى قسەكانيشيدا جەختى كردوەتەوە، هاوپەيمانى عێراقيون پشتگيرى هەر چارەسەرێكى ڕيشەيى دەكات كە هەموان تێيدا براوەبن.

 

هێماى بۆ ئەوەشكردوە، پشتگيرى حكومەت دەكەن بۆ گەڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت و هێشتنەوەى چەك بەدەستى دەوڵەت ئەويش لەڕێگەى بەرپەرچدانەوەى ئەو گروپە چەكداريانەى چالاكوانان دەكەنە ئامانج و ڕادەستكردنيان بە ياسا، هەروەها بەرپەرچدانەوەى ئەندامە خراپەكان و ئەوانەى خۆپيشاندانەكان وەك هەل بەكاردەهێنن بۆ دروستكردنى ئاژاوە و وێرانكارى.

 

وتوشيەتى، گەڕاندنەوەى هەيبەتى دەوڵەت يەكێكە لە مەرجەكانى ئەنجامدانى هەڵبژاردن، تەنها دەوڵەتێكى بەهێز و خاوەن هەيبەت دەتوانێت كەشێكى ڕكابەرى لەنێوان پاڵێوراوەكان و فراکسیۆنە سياسيەكان دروست بكات، هەروەها پشتگيرى ڕێوشوێنەكانى حكومەت دەكەن بۆ بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و گرنگيشە هاريكارى لەو دۆسیەدا لەنێوان بەغدا و هەرێم هەبێت.