ناس کورد-
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی سەرمادا و پێش دابەزینی پلەکانی گەرمی، لەئێستاوە نەبوونی نەوت لەرزی لە هاوڵاتیانی هەرێم هێناوە، هەر ئەمڕۆش دوو وەزیری هەرێم و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان بۆ دابینکردنی نەوت بۆ هاوڵاتیان لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا کۆبوونەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
پێش وەرزی زستانی ڕابردوو، بە دیاریکراوی ڕۆژى (16ی ئەیلولی 2019) واتە نزیکەی یەک ساڵ لەمەوبەر، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی حکومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت جەختیکردەوە: "پێش هاتنى وەرزى زستان نەوتى سپى بۆ هاووڵاتیان دابیندەکرێت".
ئێستا لەهەمان ئەو مانگەداین کە ساڵی ڕابردوو سەرۆکی حکومەت بەڵێنەکەی تێدا دا، بەڵام زۆرینەی هاوڵاتیان نەک بەرمیلێک، بەڵکو لیترێک نەوتیشیان پێنەدرا.
دلاوەر قوباد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ هەردوو وەزیری ناوخۆ و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغدا و پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارەکان کۆبوونەتەوە بۆ چۆنێتی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان لە زستانی ئەمساڵدا."
ناس کورد زانیویەتی پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، نوسراوێکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە و چەند میکانیزمێکی دیاریکردووە بۆ چۆنێتی دابینکردنی نەوت بۆ هاوڵاتیان و ئەمڕۆ ئەو میکانیزمانە تاووتوێ کراون.
محەمەد شێخ وەهاب، ئەندامی لیژنەی وزە و سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت: "میکانیزمەکانی پارێزگاری سلێمانی بریتی بوون لە دۆزینەوەی سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی نەوت، کە داوا لە کۆمپانیاکان یاخود حکومەتی عێراق بکات بۆ دابینکردنی بڕێک لە نەوت بۆ هاووڵاتیان، یاخود لە ئێران بیکڕن."
ئێستا نزیکدەبینەوە لە وەرزی سەرما، بەڵام حکومەتی هەرێم لە قەیراندایە و هیچ بڕێک لە نەوتی نەکڕیوە بۆ دابەشکردن، لەساڵی ڕابردووشدا، حکومەتی عێراق بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابینکرد و حکومەتی هەرێم تەنها توانی ئەو نەوتە دابەش بکات، بەڵام بۆ ئەمساڵ تاوەکو ئێستا دیار نییە بەغداش ئەو بڕە دابین دەکاتەوە یاخود نا.