گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەروەردەى عێراق پێشنیازی خۆی بۆ ئەمساڵی خوێندن ئاشکرا کرد

2020.09.01 - 19:44
App store icon Play store icon Play store icon
پەروەردەى عێراق پێشنیازی خۆی بۆ ئەمساڵی خوێندن ئاشکرا کرد

ناس کورد-

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕایگەیاند، کەمکردنەوەی ماوەی وانەی خوێندن لە خوێندنگاکان بۆ 30 خولەک، سنوردارکردنی ژمارەی خوێندکاران لە پۆلەکاندا بۆ 15خوێندکار و تێکەڵکردنی خوێندنی ئەلیکترۆنی لەگەڵ خوێندنی ناو پۆل، لە گرنگترین ئەو ڕاسپاردانەن کە ئاڕاستەی وەزیری پەروەردە کراون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی ئەیلولی 2020، وەزارەتی پەروەردەی عێراق ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا ئاماژەی بەوەکرد: "دوای کوبوونەوەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی وەزارەتی پەروردە لەگەڵ لیژنەی تایبەت بە ئامادەکاریی بۆ دەسپێکی ساڵی خوێندنی 2020-2021،  ژمارەیەک ڕاسپاردە ئاڕاستەی وەزیری پەروردە کراون کە لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە کە دەبێت میکانزمی خۆگونجاندن لەگەڵ پەتای کۆرۆنا بۆ ئەمساڵی خوێندن جێبەجێبکرێت." 

 

ئاماژە بەوەشکراوە: "وەزارەتی پەروردە بەنیازە بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو شێوازی خوێندن لە خوێندنگاکاندا ئاوێتە بکات لەنێوان خوێندنی ئاسایی ناو پۆل و خوێندنی ئەڵکترۆنی." 

 

بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی عێراق: "کەمکردنەوەی ماوەی وانەی خوێندن بۆ 30 خولک و سنوردارکردنی ژمارەی قوتابیان بۆ 15 قوتابی لە پۆلێکدا، لەو ڕاسپاردانەن کە ئاڕاستەی وەزیری پەروردەی عێراق کراون". 

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، هاوشان لەگەڵ ئەو ڕاسپاردانەدا دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەوردی لە ناوەندەکانی خوێندا جێبەجێبکرێن، وەک پاراستنی مەودای خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە لەنێوان قوتابیان و مامۆستیان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی  جەنجاڵی لە ناو خوێندنگاکاندا. 

 

وەزارەتی پەروەردەی عێراق جەختلەوەشکردووەتەوە: "دەبێت میکانزمێکی تایبەت بە خوێندنی ئەلکترۆنی دیاربکرێت و بەزووترین کات پایەکانی ئەو پڕۆژەیە پتەو بکرێن، لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە خوێندکاران و ماموستایان لەسەر ئەو جۆرە خوێندنە ڕابهێنرێن و لەهەمانکاتیشدا دەبێت ئەو بابەتانەی کە بەهۆی پەتاکەوە لەساڵی خوێندنی ڕابردوودا نەخوێندراون ئەمساڵ قەربووبکرێنەوە.