ناس کورد-
مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێڕاق ڕایگەیاند، بەردەوامى پڕۆسەكانیان بۆ سەپاندنى ياسايە و دەڵێت، هەندێك لايەن هەن لەسەر ئاژاوە دەژين، ئەندامى ليژنەى نەزاهەى پەرلەمانيش پێكهێنانى ليژنە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى گەندەڵى لەلايەن كازمييەوە بە هەنگاوێک بەرەو ڕێگەيەكى ڕاست ناودەبات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ی ئەیلولی 2020، مستەفا كازمى لە دانيشتنى ئەنجومەنى وەزيراندا باسي لەوەكرد، "هەندێک لايەن هەن لەسەر ئاژاوە دەژين، بە بەهێزيەوە كاردەكەين بۆ گەڕانەوەى هەيبەتى دەوڵەت و بەرزكردنەوەى ورەى هێزە پاڵەوانەكانمان كە لەماوەى ڕابردودا ڕوخا، پرۆسەمان هەيە بۆ گەڕانەوەى شکۆی دەوڵەت و چەسپاندنى ياسا."
سەرۆكوەزيرانى عێراق داواى لە وەزيرەكانيش كرد "گوێ لە داخوازى جەماوەر بگرن و ڕێوشوێنى خێرا بگرنەبەر و لەگەڵ ڕاى گشتیدا ڕوون بن لەو ئاڵنگاريانەى ڕوبەڕوى وڵات بوونەتەوە."
كازمى جەختیکردەوە "ڕێگەنەدرێت ڕێوشوێنە بيرۆكراتيەكان ببنە كۆسپ لە بەردەم پلانەكانى حكومەت، لەلايەن ئەنجومەنى وەزيرانەوە بڕيار هەيە بۆ ئەنجامدانى ئەو پرۆسانەى كە خزمەتى هاوڵاتيان دەكات، لەسەر وەزيرەكان پێويستە بەدواداچونى بەردەوام بكەن و ڕاپۆرت لەسەر بەڕێوەچوونى كارەكان پێشكەش بكەن."
لەلايەكى ترەوە حەسەن شاكر، ئەندامى ليژنەى نەزاهەى پەرلەمانى عێراق لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسى فەرمى عێراق وتويەتى، پێكهێنانى ليژنە لەلايەن مستەفا كازمييەوە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى گەندەڵى هەنگاوێكى باشە بەرەو ڕێگەيەكى ڕاست، داواش لە حكومەت دەكات ئاليەتى دروست پەيڕەو بكات بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى گەندەڵى."
ڕونيشيكردوەتەوە، پێويستە سەرچاوەى گەندەڵى و ئاليەتى بڵاوبوونەوەى لە عێراق ديارى بكرێت و زانيارى تەواو كۆبكرێتەوە، ئەوەش بۆ دروستكردنى داتابەيسێكى تەواو، دواتر گەندەڵكاران بوەستێنرێن و ڕوبەڕوى دادگا بكرێنەوە بۆ ئەوەى سزاى دادپەروەرانەى خۆيان وەرگرن، گەندەڵى بەشێوەيەكى فراوان لە عێراقدا بڵاوبووەتەوە و پێويستى بە كارى جدييە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى.
ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت، ئەوانەى كە بە نەهەنگى گەندەڵى ناسراون دەسەڵاتدارن و لە وەزارەت و دامەزراوەكانى دەوڵەتدا بڵاوبوونەتەوە، پێويستە لێپرسينەوەيان لەگەڵ بكرێت.
لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا كازمىپێكهێنانى ليژنەيەكى تايبەتى باڵاى بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى كەيسە گەورەكانى گەندەڵى و تاوانە تايبەتەكانى ڕاگەياند، ئەوەشى ئاشكراكرد كە لە مانگى تشرينى يەكەم قۆناغى يەكەمى ئاشكراكردنى ڕاستيەكانى تايبەت بە پێشێلكاريەكانى دژى خۆپيشاندەران تەواو دەبێت.