گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەو دوو کەسە کێن خۆیان کاندید کردووە؟

ناس کورد هۆکاری دواخستنی دیاریکردنی سەرۆکى نوێی فراکسیۆنى گۆڕان ئاشکرا دەکات

2020.09.01 - 17:23
ناس کورد هۆکاری دواخستنی دیاریکردنی سەرۆکى نوێی فراکسیۆنى گۆڕان ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

ئەگەرچی بڕیاربوو ئەمڕۆ سەرۆکی نوێی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان دیاریبکرێت، بەڵام پرسەکە یەکلایی نەکرایەوە و خرایە سبەینێ، ئەندامێکی فراکسیۆنەکەش دەڵێت، تائێستا دوو ئەندام خۆیان بۆ ئەو پۆستە پاڵاوتووە.

 

لەدوای دەستلەکارکێشانەوەی عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، فراکسیۆنەکە لەگەڵ چەند بەرپرسێکی دیکەی بزووتنەوەکە کۆبوونەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی فراکسیۆنەکە، بەڵام نەتوانرا پرسەکە یەکلایی بکرێتەوە.

 

جەلال محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنەکە بە ناس کوردی وت: "بەهۆی بەشدارینەکردنی ئەندامێکمان بەهۆی نەخۆشییەوە، بۆیە هەڵبژاردنەکە خراوەتە سبەینێ بۆ ئەوەی زیاتر یاسایی بێت و دادپەروەری تێدابێت و ئەو ئەندامەش دەنگ بدات."

 

وتیشی: "هەڵبژاردنەکە بۆ سێ پۆستە، سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری فراکسیۆن، هەموو ئەندامێکیش دەتوانێت خۆی بۆ هەر پۆستێک بپاڵێوێت."

 

 

ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد: "تاوەکو ئێستا هەریەک لە شاخەوان ڕەوف بەگ و دابان محەمەد خۆیان بۆ سەرۆکی فراکسیۆنەکە پاڵاوتووە."

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی عەلی، حەمە ساڵح، سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوبوویەوە و ئەگەرچی بەرپرسانی بزوتنەوەکە سەرقاڵبوونی عەلی حەمەساڵح بەکاری پەرلەمانی بۆ دەستلەکارکێشانەوەکە دەگێڕنەوە، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکان، بەهۆی ناکۆکبوونی لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی بزووتنەوەکە دەستیلەکارکێشاوەتەوە.