گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’لێپێچینەوەى یاسایى دەکەین’

وەزارەتى ناوخۆ راگەیەندراوێکى لەبارەى سوتاندنى کەناڵى دیجلە بڵاوکردەوە

2020.09.01 - 08:42
وەزارەتى ناوخۆ راگەیەندراوێکى لەبارەى سوتاندنى کەناڵى دیجلە بڵاوکردەوە

ناس کورد-

وەزارەتى ناوخۆى عێراق سەرکۆنەى ئەو دەستدرێژییانەى کرد کە کرایە سەر کەناڵى دیجلە و جەختى لەسەر ئەوە کردەوە لێپێچینەوەى یاسایى لەو بارەیەوە ئەنجام دەدەن.

 

وەزارەتى ناوخۆى عێراق لەبارەى سوتاندنى کەناڵى دیجلە راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد، وەزارەتەکەیان لەچوارچێوەى ئەرکەکانى خۆیدا هەوڵ بۆ چەسپاندنى یاسا دەدات و هەر ئەوەش بە بنەماى چارەسەرکردنى خاڵە ناکۆکەکان و کێشەکان دەزانێت کە رووبەڕووى کۆمەڵگە دەبێتەوە و پێداگیرە لەسەر ڕێزگرتن لە سەرجەمى بیر و باوەڕە جیاوازەکان.

 

لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى ناوخۆدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە سەرەڕاى ڕێزگرتنیان لە پیرۆزى مانگى موحەرەم و شەهیدبوونى ئیمام حوسێن لەهەمان کاتدا سەرکۆنەى ئەو دەستدرێژییانە دەکەن کە کرایە سەر یەکێک لە کەناڵە ئاسمانییەکان.

 

رونیشکراوەتەوە، ئازادى کارى ڕۆژنامەوانى لەعێراقدا بە یاسا ڕێکخراوە و هەر دەستدریژى و سەرپێچییەک لەو بارەیەوە قبوڵکراو نییە و هاوکات پەخشکردنى هەر بەرنامە و بڕگەیەکیش لەهەر کەناڵێکەوە کە لەگەڵ پیرۆزى ئەو مانگە نەگونجێت، ڕێگەپێدراو نییە.

 

لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە لێپێچینەوەى یاسایى لەو بارەیەوە ئەنجام دەدرێت.

 

راگەیەندراوەکە لە کاتێکدایە کە دوێنێ ژمارەیەک کەس کە جلوبەرگى مەدەنیان لەبەردابوو، ئاگریان لە ئۆفیسى سەرەکى کەناڵى دیجلە لەبەغدا بەردا، رێگریشیان لەتیمەکانى بەرگرى شارستانى کرد بچنە شوێنەکە بۆ کوژانەوەى.

 

سوتاندنى کەناڵەکەش دواى ئەوەهات کە دوێنێ دادگاى ڕەسافەى شارى بەغدا ڕایگەیاند، بەپێى یاسای سزادانى عێراقى و بەتۆمەتى سوکایەتیکردن بەسروتى مەزهەبێکى ئاینى لەعێراق فەرمانى دەستگیرکردن بۆ خاوەنى کەناڵى دیجلە دەرکراوە.