گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکى شاندى هەرێم وردەکارییەکان ئاشکرادەکات

ناوەڕۆکى گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجەى سێ ساڵى داهاتوو

2020.08.31 - 22:51
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا لەبارەى بودجەى سێ ساڵى داهاتوو

ناس کورد-

 

سەرۆکى شاندى هەرێم بۆ بەشداریکردن لە ئامادەکردنى پرۆژەى بودجەى عێراق بۆ سێ ساڵى داهاتوو ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانرێت شایستە پێداویستییەکانی هەرێم دیاریبکرێت، پێویستە ڕێککەوتنی سیاسی لەسەر دۆسیەکانى نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و باج واژۆ بکرێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیژنەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی زاگرۆس فەتاح بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی ھەرێم چەند رۆژێکە لە بەغدایە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانى لیژنەی باڵای دانان و رێکخستنی بنەما ستراتیژییەکانی بودجەی عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵ (2012-2023).

 

زاگرۆس فەتاح سەرۆکى لیژنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند "ئامانج لە بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لەم کۆبوونەوانەدا جێکردنەوە و جێگیرکردنی پێداویستییە تەکنیک و هونەرییەکانی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی ساڵانی داهاتووی عێراقدا". 

 

ئاماژەى بەوەشکردووە "ئەرکی ئەم لیژنە باڵایەیە کە لەگەڵ دامەزراوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی عێراقدا کۆببێتەوە و سەرچاوەکانی داهات و بڕەکانی بخەمڵێنن و لەسەر ئەو بنەمایە پێداویستییە جیاوازەکانی پارێزگاکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لە بودجەدا دابڕێژرێت".

 

بەوتەى زاگرۆس فەتاح، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوەیان دووپات کردووەتەوە کە پێویستە تا ئەوپەڕی توانا هەوڵ بدرێت بودجەی بەکاربردن کەم بکرێتەوە و لە بەرامبەردا بودجەی وەبەرهێنان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا زیاد بکرێت، لە هەمان کاتدا لە بودجەی ساڵانی داهاتوودا پشکی وەبەرهێنان بە کردار سەرف بکرێت و وەک ساڵانی ڕابردوو نەبێت کە ڕێژەی بودجەی وەبەرهێنان دادەنرا و بە کردار سەرف نەدەکرا.

 

باسى لەوەشکردووە، لە کاتێکدا کە بودجەی عێراق بە شێوەیەکی گشتی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەبارەی نرخی نەوتەوە خەمڵێنرا بریتی بوو لە خەمڵاندنی نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٤٣ دۆلار بۆ بودجەی ساڵی ٢٠٢١ و ٤٦ دۆلار بۆ بودجەی ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣.

 

زاگرۆس فەتاح دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا ڕامانگەیاند کە بۆ ئەوەی بتوانرێت بەشێوەیەکی ڕێکوپێک و شایستە پێداویستییەکانی هەرێم لە بودجەدا دیاری بکرێت، پێویستە ڕێکەوتنی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مەلەفەکانی (نەوت، داهاتی خاڵە سنوورییەکان و باج) واژۆ بکرێت".

 

دەشڵێت "سەبارەت بە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان جەختمان کردەوە لە دانانی پشکی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا پشکی هەرێم لەم بودجەیەدا بە تەواوی فەرامۆش کرا بوو".

 

بڕیارە ئەو کۆبوونەوانە بەردەوام دەبن و لە کۆتاییەکانی مانگی داهاتوو کۆتایی بەکارەکانی بێت.