ناس کورد-
پۆلیسى هەولێر دەستگیرکردنى دوو ژنى ڕاگەیاند، بەتۆمەتى ئەنجامدانى سێ تاوانى دزیکردن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێکى پۆلیسى هەولێر، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/ نوسینگەی باکوور توانیویانە لەماوەی دوو کاتژمێر دوو تۆمەتباری ئافرەت بەناوەکانی (چ.ش.ف) و (س.ص.ف) دەستگیر بکەن.
ئاماژەى بەوەشکردووە، "تۆمەتباران دوای دەستگیرکردنیان دانیاننا بە ئەنجامدانی (٣) تاوانی دزیکردن کە لە ڕێگای نێوان هەولێر - موسڵ، ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزیان ڕادەگرت و بەفێڵ پارەیان لە شۆفێرەکە دەدزی".
بەپێی ڕاگەیەنراوەکەى پۆلیس، بڕی پارەی دزراو بە نزیکەیی (٨٥٥٠٠٠٠) هەشت ملیۆن و پێنچ سەد و پەنجا هەزار دەخەمڵێنرێت، پەڕاویان بۆ ڕێکخرا و بەپێی ماددە (٤٤٦) لەیاسای سزادان ڕاگیراون.