گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’غەدر لە ئەفسەرانی لیوای حەوت مەکەن’

ناس کورد یاداشتى ژمارەیەک ئەفسەرى پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە’ئاراستەى هاوسەرۆکانى یەکێتى کراوە’

2020.08.31 - 14:17
App store icon Play store icon Play store icon
ناس کورد یاداشتى ژمارەیەک ئەفسەرى پێشمەرگە بڵاودەکاتەوە’ئاراستەى هاوسەرۆکانى یەکێتى کراوە’

ناس کورد-

ژمارەیەک لە ئەفسەرى لیواى حەوتى پیادەى سۆرانى هێزەکانى پێشمەرگەى کوردستان یاداشتێکیان ئاڕاستەى هاوسەرۆکانى یەکێتى و هێزەکانى 70 و ستافى یەکێتى لە وەزارەتى پێشمەرگە کرد و تیایدا داوایان لێدەکەن غەدر لە ئەفسەرانى لیواى حەوت نەکەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

لە بەشێکى یاداشتەکەى ئەو ئەفسەرانەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بە غەدرێکى گەورەى دەزانن پێدانى بەرپرسیارێتى بۆ پۆستە بەتاڵەکانى لیواکەیان لەناو وەزارەت و شوێنەکانى دەرەوەى لیواکەیان هەناردە بکرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە لەناو لیواکەدا چەندین ئەفسەرى دڵسۆز و بەتوانا هەیە کە ئەو ئەرکەیان پێ بسپێردرێت.

 

یاداشتەکە ئاماژە بەوە دەکات، لەماوەى نۆ ساڵى دامەزراندنى لیواى حەوتى هاوبەشدا سێ ساڵ لەشەڕێکى قورسدابووە لەگەڵ تیرۆریستانى داعش و چەندین شەهید و برینداریان داوە، پرسیارى ئەوەش دەکەن کە ئایا ئەو کەسانەى نیازیان هەیە پۆستە بەتاڵەکانى ناو لیواکە پڕ بکەنەوە و هەناردە بکرێن بۆیان لەکاتى شەڕکردن لەگەڵ داعشدا لەکوێ بوون؟ بۆچی ئەوکات نەدەهاتن سەنگەرەکانی لیوای حەوت پڕبکەنەوە؟

 

هۆشدارى ئەوەش دەدەن، ئەگەر لە بەرنامەتاندایە ئەفسەرانی خزم و ناسیاوی خۆتان بنێرن، بەرێگەی بڕیارێکی سەپاندن بیانێرن، نەك تاقیکردنەوەیەکی دیموکراسی گوماناوی میکیاژ کراو، دەشڵێن "پێمان باشە کەس بەشداری تاقیکردنەوەکە نەکات، چونکە ئێمە دەمێکە تاقیکراینەتەوە، هەیبەتی خۆشمان نەشکێنین باشە".

 

 جەختیش دەکەنەوە "ئەو کەسانەی بەسەر شەونخونی ئێمەدا سەردەکەون، لە ئەرکی نوێیان سەرکەوتوونابن، چونکە ئەوان دەستیان لەگەڵ مێز و کورسی ڕاهاتووە، نەوەك لەگەڵ ئاریشەکانی هێزی پێشمەرگە، بۆیە پێمان باشە دیراسەی ئەو جۆرە بڕیارانە بکەن، شەونخونی ئێمە و بەرژەوەندی گشتی یەکێتی لەبەرچاو بگرن".

 

دەقى یاداشتەکە:

 

بۆ/هاوسەرۆکانی یەکیتی

بۆ/هێزەکانی ۷۰

بۆ/ستافی یەکیتی لە وەزارەتی پ.م

غەدر لە ئەفسەرانی لیوای حەوت مەکەن با ئەوەی لە لیوای ۱۲ ڕوویدا دووبارە نەبێتەوە ....

 

نۆ ساڵە لیوای حەوتی هاوبەش دامەزراوە، سێ ساڵ لە شەڕێکی قورس دابووین لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، چەندین شەهید و بریندارمان داوە، لەکاتی هەڵبژاردنەکانیش دەرگا بە دەرگا دەگەڕاین بۆ کۆکردنەوەی دەنگ بۆ حزبەکەمان، چاودێری صندوقەکانی شمان دەکرد هەتا دەگەیشتنە شوێنی خۆیان، ئیتر نازانین پێوەری دڵسۆزی چۆنە، لەئێستاشدا چەندین ئەفسەری دڵسۆز و بەتوانا لەو لیوایەدا هەن، کە ماندوو و هیلاکین.

 

بۆیە لەکاتی فەراغ بوونی شوێنی هاوسەنگەرێکمان بەمافی خۆمانی دەزانین، کە لە خودی ئەفسەرانی لیوا ئەو فەراغە پڕبکرێتەوە، بە غەدرێکی گەورەی دەزانین، کەسانی ناو وەزارەت و شوێنەکانی تر، بەبیانوی جۆراوجۆر بۆمان هەناردە بکەن، ئەوکەسانە لەکاتی شەڕەکان لەکوێ بوون، بۆچی ئەوکات نەدەهاتن سەنگەرەکانی لیوای حەوت پڕبکەنەوە، ئەگەر لە بەرنامەتان دایە ئەفسەرانی خزم ناسیاوی خۆتان بنێرن، بەرێگەی بڕیارێکی سەپاندن بیانێرن، نەك تاقیکردنەوەیەکی دیموکراسی گوماناوی میکیاژ کراو، پێم باشە کەس بەشداری تاقیکردنەوەکە نەکات، چونکە ئێمە دەمێکە تاقیکراینەتەوە، هەیبەتی خۆشمان نەشکێنین باشە.

 

بە بڕیاری سەپاندنی ئەفسەر بەسەر ئێمەدا، تەواوی ئەفسەر و پێشمەرگەکانی لیوای حەوت سارد سارد دەبنەوە لە ئەرکە سەربازی و حزبیەکان، لەبەر ئەوەی ئێمەش مودەتێکە چاوەڕێی چنینەوەی بەرهەمی ڕەنجی خۆمانین، ئەو کەسانەی بەسەر شەونخونی ئێمەدا سەردەکەون، لە ئەرکی نوێیان سەرکەوتوونابن، چونکە ئەوان دەستیان لەگەڵ مێز و کورسی ڕاهاتووە، نەوەك لەگەڵ ئاریشەکانی هێزی پێشمەرگە، بۆیە پێمان باشە دیراسەی ئەو جۆرە بڕیارانە بکەن، شەونخونی ئێمە و بەرژەوەندی گشتی یەکێتی لەبەرچاو بگرن....

 

لەگەڵ ڕێزماندا

کۆمەڵێک ئەفسەر لە لیوای حەوتی پیادەی سۆران