ناس کورد-
شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەهەردوو وەزارەتى دارایى و پێشمەرگە گەیشتنە بەغدا و وابڕیارە لەسەر دوو پرسى پەیوەندیدارى ئەو دوو وەزارەتە لەگەڵ بەرپرسانى بەغدا گفتوگۆ بکەن.
سەمیر هەورامى وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم تایبەت بەناس کوردى ڕاگەیاند" لەئێستادا شاندێکى وەزارەتەکانى دارایى و پێشمەرگە لەبەغدان".
وتیشى، شاندەکە لەگەڵ بەرپرسانى فیدراڵدا تاوتوێى پرسەکانى مەشق و ڕاهێنان بەهێزەکانى پێشمەرگە و شایستە داراییەکانى هەرێم لەبودجەى ساڵى 2021دا دەکەن.
ناس کورد ئەوەشى زانیووە، شاندى هەرێم لەهەردوو وەزارەتى دارایى و پێشمەرگە تەکنیکیە و چەند بەڕێوەبەرێکى گشتى ئەو دوو وەزارەتەى تێدایە و لەئێستادا گەیشتونەتە بەغدا و چارەسەرکردنى کێشە هەڵواسراوەکانى چەندین ساڵەى نێوان هەرێم و بەغدا بەشێک نابێت لەتەوەرى گفتوگۆکانى شاندەکە تەنها گفتوگۆ لەسەر چەند بەند و مادەیەکى بودجەى ساڵى 2021 دەکرێت.