ناس کورد- محەمەد عومەر
چالاکوانێکى ئازادکراو لەلایەن ئاسایشى زاخۆوە رایگەیاند، لەدواى ئازادکردنى تەندروستى خراپە و دروستبوونى هەر مەترسییەک لەسەر ژیانى دەخاتە ئەستۆى ئاسایشى زاخۆ.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جانگیر سندى، چالاکوانى سیاسى و رێکخەرى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە زاخۆ کە لەدواى 9 ڕۆژ دەستبەسەرکردنى لەلایەن ئاسایشى زاخۆوە ئەمڕۆ (یەکشەممە) ئازادکرا، لە لێدوانێکى تایبەت بە ناس کوردى وت "بەبێ بڕیارى دادگا لەلایەن ئاسایشى زاخۆوە دەستگیرکرام و لەماوەى ئەو 9 ڕۆژەدا لەلایەن ئاسایشەوە مامەڵەیەکى خراپ بەرامبەر من و دەستگیرکراوەکانى تر کرا.
وتیشى: کرابوومە ژورێکى تاکە کەسییەوە و ژورەکە زۆر پیس و نەگونجاو و خراپ بوو بەدرێژایى ئەو ماوەیەش ئەشکەنجە و سوکایەتى و جنێودانى زۆر بووینەوە.
جەختیشى کردەوە، بەهیچ شێوەیەک لە مافی خۆى بێدەنگ نابێت.
جانگیر سندى رونیدەکاتەوە کە ئاسایشى زاخۆ ویستوویانە ئیفادەیەکى دروستکراوى پێ واژۆ بکەن کە لەلایەن لێکۆڵەرى ئاسایشەوە داڕشتبوو بەڵام ئەو رەتیکردۆتەوە.
بەهۆى بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکەى ئەمدواییەى ناوچەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشەوە ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان لە بادینان دەستگیرکران و سەرەڕاى ئازادکردنى هەندێکیان بەڵام هێشتا ژمارەیەکیان لە زیندان ماونەتەوە.