ناس کورد-
ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان رایگەیاند "پاش زیاتر لەچارەكە سەدەیەك لەدەسەڵاتی خۆماڵى لەهەرێمی كوردستان، بەداخەوە بەهۆی خراپی بەرێوەبردنی حكومداری لەهەرێمی كوردستان لەلایەن پارتی و یەكێتیەوە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیران و مەینەتیەكانی سەر هاووڵاتیان ڕوو لە هەڵكشانە و لەلێواری تەقینەوەدایە.
لە راگەیەندراوەکەى ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵدا کە لەدواى کۆبوونەوەى ئەنجومەنەکە بڵاوکرایەوە ئاماژە بەوە کراوە "دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەپێناو وەدەستهێنانی بەرژەوەندیە شەخسی و حیزبیەكان نەیانتوانیوە ڕێگری لەئەنجامدانی گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی بكەن و چاكسازی ڕاستەقینە ئەنجام بدەن".
هاوکات ئەنجومەنەکە دەسەڵاتدارانى هەرێمى کوردستان بە بەرپرسیاری یەكەم لەئاڵۆزییەكان و خراپی باروگوزەرانی خەڵكیى دەزانێت.
لەبەشێکى ترى راگەیەندراوەکەدا ئەنجومەنى سەرکردایەتى کۆمەڵ هەڵگرتنى پارێزبەندى لە سۆران عومەر پەرلەمانتارى کوردستان بە هەوڵێک بۆ گەلەکۆمەکردن لە پارتەکەیان دەزانن و ئاماژە بەوە دەکەن ئەو کارە سەلمێنەری ئەو راستیەن كەكۆمەڵ لەبەرەی خەڵكە و داكۆكی لەداخوازیەكانیان دەكات و لەو پێناوەشدا باجی داوە.
هاوکات ئەنجومەنەکە پشتیوانى و پشتگیرى لە ئەنجامدانى خۆپیشاندان و ناڕەزایەتى کردووە و جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "كۆمەڵ هەموو ڕێگایەكی مەدەنی و دیبلۆماسی لەبەردەمیدا كراوەیە و دەیگرێتەبەر لەپێناو سووككردنی باری قورسی سەرشانی هاووڵاتیان و دەربازكردنیان لەو قەیرانە بەرفراوانەی بۆیان خولقێنراوە".
ئاماژەش بەوە کراوە "گردبوونەوە و خۆپیشاندان بەشێوازی مەدەنی بەمافی ڕەوای هاووڵاتیان دەزانین و پشتیوانی لێ دەكەین، دوور لەتوندوتیژی و هەڵكوتانە سەر شوێنەگشتیەكان".
سەبارەت بە ئەنجامدانى کۆنگرەى کۆمەڵ لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە " لەسەرپرسی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی كۆمەڵی ئیسلامیش بەپێی پەیڕەوی نێوخۆ دەبوو كۆنگرەی چوارەم ببەسترایە، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای كۆرۆناو بەلەبەرچاوگرتنی تەندروستی ئەندامان و جێبەجێكردنی ڕێنماییەكان بەستنی كۆنگرە لەوادەی خۆی دا ئەنجام نەدراو هەركات بارودۆخی پەتاكە و مەترسیەكانی كەم بوویەوە لەنزیكترین كاتی گونجاودا كۆمەڵ كۆنگرەی خۆی دەبەستێت".