گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەک ئەوەى ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو

هێشتا هیچ شاندێکی بەغدا نەهاتووەتە دەروازە سنورییەکانی هەرێم

2020.08.30 - 11:21
App store icon Play store icon Play store icon
هێشتا هیچ شاندێکی بەغدا نەهاتووەتە دەروازە سنورییەکانی هەرێم

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح

وتەبێژی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق ئاشکرایکرد، تائێستا بڕیار لەسەر ناردنی شاندی دەروازە سنورییەکانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان نەدراوە و دەشڵێت، ئەو پرسە سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاڕی لەسەردەدات و چاوەڕوانی فەرمانی ئەون.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دوای چەندین گەڕی دانوستان لە نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، بە تایبەتی ڕادەستکردنی نەوت و دەروازە سنورییەکان، ناوەڕاستى ئەم مانگە هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنى کێشە داراییەکانى نێوانیان بەشێوەیەکی کاتی و تا کۆتایی ئەمساڵ، بەجۆرێک بەغدا مانگانە 320 ملیار دینار ڕەوانەى هەرێم بکات بەپێی بارودۆخى دارایی.

 

ڕێککەوتنەکە لە حەوت خاڵ پێکهاتووە و یەکێکیان تایبەتە بە بەڕێوەبردنى گومرگ و دەروازە سنورییەکانى هەرێم و ناردنى فەرمانبەرانى دیوانى چاودێرى عێراق بۆ دەروازەکان بەمەبەستى وردبینى لە داهاتەکانیان.

 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ی ئابی 2020، عەلادین قەیسی، وتەبێژی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا و تا ئەمساتە هیچ بڕیارێک لە بارەی ناردنی شاندێکی هاوبەش لە دەروازە سنورییەکانی عێراق و دیوانی چاودێری دارایی نەدراوە بۆ سەردانکردنی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان".

 

وتیشی: "ئەو پرسە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات کە کەی شاندەکە بنێرێتە هەرێم، ئێمە چاوەڕوانی فەرمانی سەرۆکوەزیرانین، هەرکات فەرمانی کرد شاندەکە سەردانی هەرێم دەکات".

 

ئەمە لەکاتێکدایە ، پێشتر و  لەسەروبەندی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا عەلادین قەیسی بە ناس کوردی ڕاگەیاندبوو: "ئەو ڕێککەوتنەی کراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا ڕێککەوتنێکی حکومییە، ئێمە تائێستا لە ناوەڕۆکەکەی بەتایبەتی ئەو خاڵانەی کە پەیوەندیان هەیە بە پرسی دەروازە سنورییەکانی هەرێم ئاگادارنەکراوینەتەوە".

 

 ئاماژەی بەوەشکردبوو: "چاوەڕێی ئەوەن لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە لە ناوەرۆکى ڕێککەوتنەکە ئاگادار بکرێنەوە بۆ ئەوەی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ دەروازە سنورییەکانی هەرێم دیاربکرێت و ڕوونبێتەوە".

 

پرسی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان یەکێک بوو لە گەرمترین پرسەکانى دانوستانەکانى چەند مانگى ڕابردووى هەولێر و بەغدا، بەڵام ئەوکات نەگەیشتن بەرێککەوتن، بەڵام دواى ڕێککەوتنەکەى ناوەڕاستى ئەم مانگە هەرێم رازى بووە بەوەى فەرمانبەرانى چاودێرى دارایی عێراق رەوانەى دەروازە سنورییەکانى هەرێم بکرێن.

 

لەسەرەتای مانگی تەموزی ڕابردوودا، حکومەتی عێراق بە فەرمانی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران دەروازە سنورییەکانی لە ڕێگەی هێزی سەربازییەوە خستە ژێر ڕکیفی خۆیەوە و لەچنگی میلیشیاکان دەریکرد.

 

 بەپێی وتەى بەرپرسانى دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراق، لە ئێستادا و لە دوای دوو مانگ لە ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە، مانگانە زیاتر لە 500 ملیار دینار داهات گەڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت و گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتیش لە دەروازەکان نەهێڵراوە.