ناس کورد-
کۆمسیاری تەندروستیی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، توێژینەوەکان جەختیانلەوەکردووەتەوە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەدەگمەن لەنێو منداڵاندا دەگوازرێتەوە، بۆیە تەشەنەسەندی نەخۆشییەکە کاریگەری نابێت لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکان، ئاماژەی بەوەشکرد، لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوودا ڤاکسینی دژبە کۆرۆنا لەجیهاندا بەردەست دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ستیلا کێریاکیدیس، کۆمسیاری تەندروستیی یەکێتی ئەوروپا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەی"ستامپا"ی ئیتاڵی ڕاگەیاند: "بە دوری دەزانین کردنەوەی قوتابخانەکان ببێت بەهۆکاری زیادبوونی ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە توێژینەوەکان ئەوەیان دووپاتکردووەتەوە کە ڤایرۆسەکە بەدەگمەن لە نێو منداڵاندا دەگوازرێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد: "جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەکە لە ناوەندەکانی خوێندندا، وەک دابەشکردنی قوتابیان بۆسەر چەند گروپێکی بچوک و پاراستنی مەودای سەلامەتی نێوانیان بەسە بۆ ئەوەی ناوەندەکانی خوێندن نەبنە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە".
کۆمسیاری تەندروستیی یەکێتی ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو: "بڕیارە یەکەم ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کۆتایی ئەمساڵ و سەرەتای ساڵی داهاتوو لە جیهاندا بەردەست بێت".
لە ئێستادا توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەجیهاندا 25 ملیۆنی کەسی تێپەڕاندووە و ژمارەی ئەو کەسانەشی کە بەهۆی پەتاکەوە مردون گەیشتووەتە نزیکەی 840 هەزار کەس .