ناس کورد-
شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، موشەکێکی کاتیۆشا ئاڕاستەی ناوچەی سەوزی بەغدا کرا و زەنگی ئاگادارکردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکاش لێدرا.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەمشەو شەممە 29ی ئابی 2020، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند: "موشەکێکی جۆری کاتیۆشا ئاڕاستەی ناوچەی سەوز کراوە و لەماڵێکی چۆڵدا تەقیوەتەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت."
هاوکات پەیامنێری ناس کورد لە بەغدا ڕایگەیاند، بەهۆی موشەکەکەوە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە لەناوچەکە بیستراوە و بەوهۆیەوە زەنگی ئاگادارکردنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا کە لەو نزیکانەیە کەوتەکار.
لەدوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی تاران و ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە بەغدای پایتەختی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، ناوبەناو هێرشی موشەکی دەکرێتەسەر ناوچەی سەوز کە باڵیۆزخانەی ئەمریکای لێیە.