ناس کورد-
وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) بەفەرمى دەستپێکردنى پڕۆسەى کەمکردنەوەى هێزەکانى ئەمریکاى ڕاگەیاند، بەهەماهەنگى لەگەڵ حکومەتى عێراق.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
جیسیکا مانولتى وتەبێژى پنتاگۆن ڕایگەیاند، بڕیارى کەمکردنەوەى هێزەکان دواى ئەو بەرەوپێشچونانە هاتووە کە لەشەڕى دژى داعش بەدەستهاتوون.
کەمکردنەوەى ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا لە عێراق لەسەر داوا بەردەوامەکانى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکایە بۆ گەڕانەوەى هێزەکانیان، هەروەها لە هەڵمەتى هەڵبژاردنەوەیدا بەڵێنیداوە کۆتایی بەو جەنگانە بهێنێت کە بە "نا کۆتا" ناویبردوون.
لەئێستادا نزیکەى 5 هەزار و 200 سەربازى ئەمریکا لەعێراقدان و لە بنکە سەربازییەکانى پارێزگاکانى ئەنبار و هەولێر و دەورووبەرى بەغدا بڵاوەیان پێکراوە.
پێشتر دوو بەرپرسى ئەمریکا بەڕۆژنامەى ووڵ ستریت ژوورناڵی ئەمریکییان ڕاگەیاندبوو، پنتاگۆن بڕیاریداوە ژمارەى هێزەکانى لەعێراقدا بۆ نزیکەى 3 هەزار و 500 سەرباز کەمبکاتەوە.
بەوتەى ئەو دوو بەرپرسەى ئەمریکا، ژمارەیەکى دیکەى بەرپرسانی ئەمریکا جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، پنتاگۆن لەماوەى 2 بۆ 3 مانگى داهاتوودا ژمارەى سەربازەکانى بۆ یەک لەسەر سێى ژمارەى ئێستایان کەمدەکاتەوە.
هەر بەگوێرەى ڕۆژنامەکە، ئاستى هێزەکانى ئەمریکا وەکو ساڵى 2015ى لێدەکرێت، ئەو کاتەى کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەقۆناغى یەکەمى هێرشیەکانیدا بوو بۆ سەر داعش.