گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’چاوەڕوانى پلەى وەزیفى نوێ مەکەن’

لیژنەى دارایى: دەستورى عێراق رێگرى ناکات لە بەستنەوەى فەرمانبەرانى هەرێم بە ناوەند 

2020.08.28 - 20:20
لیژنەى دارایى: دەستورى عێراق رێگرى ناکات لە بەستنەوەى فەرمانبەرانى هەرێم بە ناوەند 

ناس کورد-

ئەندامێکى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، دیاریکردنى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان پێویستى بەناردنى لیژنەیەک لە دەستەى چاودێرى دارایى عێراق هەیە و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەستورى عێراق رێگر نییە لەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم ببەسترێتەوە بە بەغدا. 

 

ئەحمەد حاجى ڕەشید، ئەندامى لیژنەى دارایى لەپەرلەمانى عێراق لە میانەى لێدوانێکى ڕۆژنامەوانى ئاماژەى بەوە کرد، دیاریکردنى ژمارەى فەرمانبەرانى هەرێم پێویستى بەوردبینیکردن هەیە لەلایەن لیژنەیەکى دەستەى چاودێرى دارایی عێراقەوە.

 

جەختى لەسەر ئەوەش کردەوە، دەستورى عێراق هیچ ڕێگر نییە لە بەستنەوەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە حکومەتى عێراقەوە. 

 

ئەحمەد حاجى ڕەشید بەدووریزانى بودجەى ساڵى 2021 پلەى وەزیفى لەخۆبگرێت بەدەر لەپڕکردنەوەى ئەو پلە وەزیفیانەى کە بەهۆى گواستنەوەوە دروست دەبن.

 

جەختیشى کردەوە، دابینکردنى پلەى وەزیفى لەدەسەڵاتى لیژنەى دارایى نیە بەڵکو ئەوە بەرپرسێارێتى حکومەتە.



پێشتریش لیژنەى دارایى ئەوەى ڕاگەیاند، 230 هەزار پلەى وەزیفى هەیە و بۆ پەسەندکردنیشى  چاوەڕوانى تێپەڕاندنى  پڕۆژە یاسایى بودجەى ساڵى 2021 ە.

 

هاوکات ناجى سەعدى ئەندامى لیژنەى دارایى ڕایگەیاند، زیاتر لە 230 هەزار پلەى وەزیفى هەیە ئومێد دەکەن بخرێتە ناو بودجەى ساڵى 2020ەوە بەڵام بەهۆى دابەزینى نرخەکانى نەوتەوە ئەو پلانە شکستى هێنا و بەڵام گەر پارەیان بۆ تەرخان بکرێت دەخرێنە چوارچێوەى پڕۆژە یاساى بودجەى ساڵى 2021ەوە.