گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

گرێبەستەکەی مان سیتی بۆ مێسی.. پارەیەکی خەیاڵی و سێ یاریزان دەداتە بەرشەلۆنە

2020.08.28 - 14:37
گرێبەستەکەی مان سیتی بۆ مێسی.. پارەیەکی خەیاڵی و سێ یاریزان دەداتە بەرشەلۆنە

ناس کورد-

ڕۆژنامەکانی ئیسپانیا ناوەڕۆکی گرێبەستەکەی مانچستەرسیتیان بۆ کڕینی مێسی لەبەرشەلۆنە ئاشکرایانکرد و بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، سیتی ئامادەیی نیشانداوە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ و سێ یاریزانی یانەکەی لەبەرامبەر مێسی بداتە بەرشەلۆنە.

 

ڕۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بڵاویکردووەتەوە، مانچستەرسیتی ئامادەیی نیشانداوە، بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ و هەریەکە لە بێرناردۆ سیلڤای پرتوگالی، گابریێل خیسۆسی بەڕازیلی و ئێریک گارسیای ئیسپانی لەبەرامبەر مێسیدا بداتە یانەی بەرشەلۆنە.

 

هاوکات ڕادیۆی کەتەلۆنیا ئەوەی بڵاکردووەتەوە، یانەی بەرشەلۆنە، داوای بڕە پارەیەک دەکات لە بەرامبەر مێسیدا کە گرانترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێ بێت، واتە لەگرێبەستی چوونی نێیمار بۆ پاریس سانجێرمان زیاتر بێت کە بڕەکەی 222 ملیۆن یۆرۆ بوو.

 

هاوکات بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی بەڕازیل، نێیمار داوای لە ئیدارەی یانەکەی کردووە گرێبەست لەگەڵ مێسیدا بکەن، بەڵام بەرپرسانی یانە پاریسییەکە ئەوەیان بە قورس زانیوە، بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە ئەستێرە لەیانەکە و بوونی موچەیەکی زۆر.

 

جگە لەوەش، یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵیش بەپشت بەستن بەتوانا داراییەکانی سەرمایەدارە چینییەکان کە خاوەندارێتی یانەکە دەکەن، هەوڵی بەدەستهێنانی تواناکانی مێسی دەدات.

 

بەڵام پێدەچێت لەکۆتاییدا مێسی لە ئینگلتەراوە بێتەوە نێو یاریگاکان، بەوپێیەی بەگوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان، مێسی پەیوەندی بە گواردیۆلای ڕاهێنەری یانەی مانچستەرسیتییەوە کردووە و گفتوگۆی لەگەڵ کردووە دەربارەی چوونی بۆ ئەو یانەیە.