گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانی: هۆکاری هاتنی تورکیا بۆناو خاکی هەرێم بوونی پەکەکەیە

2020.08.28 - 10:18
مەسرور بارزانی: هۆکاری هاتنی تورکیا بۆناو خاکی هەرێم بوونی پەکەکەیە

ناس کورد-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە تورکیا و پەکەکە دەکات کێشەکانیان بەشێوەی ئاشتی چارەسەر بکەن و دەشڵێت، هۆکاری هاتنەناوەوەی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بوونی پەکەکەیە لە هەرێم، هاوکات بەغدا بەهۆکاری ڕێکنەکەوتنی هەرێم و ناوەند دادەنێت.

 

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ژمارەیەک لە میدیا عێراقی و عەرەبییەکان، سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، داوایکرد تورکیا و پەکەکە کێشەکانیان بەشێوەیەک چارەسەربکەن کە کاریگەریی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان نەبێت.

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێمە دەزانین هۆکاری هاتنی تورکیا بۆناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستانە، بۆیە ئێمە داوا لە پەکەکە دەکەین رێز لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرێت."

 

مەسرور بارزانی ئەوەشی خستەڕوو: " رێزگرتن لە دەسەڵاتی کارگێڕیی هەرێمی کوردستان مەرجی مانەوەی هەموو ئەو لایەنانەیە کە لە هەرێمی کوردستان میوانن".

 

هاوکات سەبارەت گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: "هۆکاری رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا ئەوە نیيە کە داهاتەکان بۆ حکومەتی ناوەند ناگەڕێنینەوە، بەڵکو حکومەتی عێراق وەک پێویستنەهاتووەتەپێشەوە بۆ دابینکردنی شایەستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."

 

هاوکات دەربارەی گرفتی کارەبا و دابینکردنی کارەبا بۆ شارەکانی عێراقیش لەلایەن هەرێمەوە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم باسی لەوەکرد: "هۆکاری کەمی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو نەبوونی سوتەمەنی پێویستە بۆ وێستگەکانی کارەبا، بەڵام  ئەگەر لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەین بە ڕێککەوتنێک، بەشێوەیەکی هاوبەش دەتوانین سوود لە تواناکانی هەرێمی کوردستان وەربگرین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای زیاتر."

 

مەسرور بارزانی ڕونیشیکردەوە: "ئەگەر حکومەتی عێراق بەشی پێویست سوتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا دابینبکات، ئەوا نەک دەتوانین 24 کاتژێر کارەبا بۆ هەرێمی کوردستان دابینبکەین، بەڵکو دەتوانین کارەبای ژمارەیەک شاری وەک کەرکووک، موسڵ و تکریتیش دابین بکەین".