گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا

2020.08.27 - 22:40
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى و وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا

ناس کورد-

نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان و  فلۆرانس پارلى، وەزیرى بەرگریى فەڕەنسا بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە کراوە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا پشتیوانى خۆى بۆ هەرێمى کوردستان دوپات کردەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەى نوسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکى هەرێمى کوردستاندا ئاماژە بەوە کراوە، لە کۆبوونەوەکەدا دواین پێشهاتەکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و جموجووڵى داعشیان لە عێراق تاوتوێ کرد و جەختیان لە پێویستیى بەردەوامیى ئەرکى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش و هاوکارى و هەماهەنگیى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و مەترسییەکانى و دڵنیابوون لە بنەبڕکردنى یەکجاریى داعش کردەوە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى ڕۆڵى کاریگەرى فەڕەنساى لە تێکشکاندنى داعشدا کرد و ئاماژەى بە ڕۆڵى هێزە فەڕەنسییەکان لە هەرێمى کوردستان کرد بەتایبەتیش مەشق و ڕاهێنانیان بە پێشمەرگە و هاریکاریى بوارى ئەمنى و هەواڵگرى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر، هەروەها پێزانینى هەرێمى کوردستانى بۆ هەموو پشتگیرییەکانى فەڕەنسا لە بوارى سیاسى و یارمەتیى مرۆییدا بۆ ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکانى هەرێمى کوردستان دووپات کردەوە.

 

راگەیەندراوەکە رونیدەکاتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیرى بەرگرى فەڕەنسا سوپاس و پێزانینى حکومەتى فەڕەنساى بۆ ڕۆڵى پێشەنگى هەرێمى کوردستان و پێشمەرگە لە تێکشکاندنى تیرۆرستانى داعش و حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران و پاراستن و بەرگریکردنى لە پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان لە هەرێمى کوردستان کرد و جەختى لە بەردەوامیى پشتگیریى وڵاتەکەى بۆ هەرێمى کوردستان کردەوە.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانى هەولێر ـ بەغدا و گفتوگۆى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور، بڵاوبوونەوەى پەتاى ڤایرۆسى کۆرۆنا و لێکەوتەکانى لە عێراق و هەرێمى کوردستان و چۆنیەتیى هاوکاریى فەڕەنسا بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى پەتاکە، برەودان بە پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و فەڕەنسا، دۆخی عێراق و گرنگیی به‌شداریی هه‌موو پێکهاته‌کانی وڵات له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا، دیالۆگی ستراتیژیی عێراق - ئه‌مه‌ریکا و به‌شداریی هه‌رێمی کوردستان تیایدا، په‌یوه‌ندییه‌کانی هه‌رێم و وڵاتانی دراوسێ، دۆخى ناوچەکە بەگشتى و گرنگیى هاوبەشى و کارى پێکەوەیى بۆ پاراستنى ئارامى و سەقامگیرى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و چەند پرسێکى جێى بایەخى هەردوولا، خرانە بەر باس.