ناس کورد-
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى رایگەیاند، ئەمشەو ئەنجامى تاقیکردنەوەى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى ڕادەگەیەنێت.
د. محمد حوسێن، سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى و سەرۆکی لێژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە مەرج و ڕێنماییەکانی زمانی ئینگلیزی و ڕێکخستنەوەی کارو چالاکیەکانی سێنتەرەکانی زمان لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە لێدوانێکدا ئاماژەى بەوە کرد، ئەمشەو (پێنجشەممە، 27ى ئابى 2020) ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى خولەکانى توانستى زمانى ئینگلیزى لە سەنتەرى زمانى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بۆ خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیارانى بەدەستهێنانى نازناوى زانستى لەلایەن سێنتەرەکانەوە ڕادەگەیەنرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەنتەرەکان ڕاسپێردراون کە بە خێرایی کاروبارەکان ڕابپەڕێنن بۆ ئەوەی بە زوترین کات ئەنجامەکان ڕابگەیەندرێت.
د. محمد حوسێن جەختى کردەوە خوێندکارانی خوێندنی باڵا و خوازیاران دەتوانن سەردانى وێبسایتى سەنتەرەکانى زمان و وێب سایتى زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکانیان.
ئاماژەى بەوەش کرد، ژمارەی بەشداربوان بۆ سەرجەم ئاستەکان لە سەرجەم سەنتەرەکان ( ٧١٦ ) بەشداربو بوە، دواى دەرچونى ئەنجامەکان بۆ ماوەى ٧٢ سەعات کاندیدان و خوازیاران دەرفەتیان لە پێشە بۆ پەڵپ گرتن لە ئەنجامەکانیان تاکو کۆتایى دەوامى فەرمى ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (٢٠٢٠/٨/٣٠) ئەمەش لەڕێگەی ئیمەیلی تایبەت بە سەنتەرەکان کە لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئەنجامەکان دادەنرێت.