گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەرمى منداڵێک گەیەنرایە نەخۆشخانەى قەڵادزێ ’شوێنەوارى فیشەک بەجەستەوەیەتى’

2020.08.27 - 18:51
تەرمى منداڵێک گەیەنرایە نەخۆشخانەى قەڵادزێ ’شوێنەوارى فیشەک بەجەستەوەیەتى’

ناس کورد-

بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین راگەیەندراوێکى لەبارەى گەیاندنى تەرمى منداڵێک بە نەخۆشخانەى گشتى قەڵادزێ بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژە بەوە کراوە کە شوێنەوارى فیشەک بەجەستەى منداڵەکەوە بووە.

 

لە راگەیەندراوى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى راپەڕین هاتووە "کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ (پێنجشەممە) تەرمی منداڵێک بەناوی (ئ .ئ.خ) تەمەن 15 ساڵان، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی ڕاپەڕین گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ".

 

راگەیەندراوەکەى پۆلیسى راپەڕین لەسەر زارى کەسوکارى منداڵەکەوە بڵاوى کردەوە "بەوتەی کەسوکارەکەی لە زێی (کانیان) سەر به قەڵادزێ شوان بووە و لە شوێنێکی نادیارەوە فیشەکێک هاتووە و بەر کەلەکەی کەوتووە و بەو هۆیەشەوە گیانی لەدەستداوە".

 

رونیشکراوەتەوە، پاش گەیشتنی بۆ نەخۆشخانە و دوای توێکاری بۆ تەرمەکەی دەرکەوت شوێنەواری یەک گولە کە جۆری چەکەکەی لە ئێستادا نەزانراوە بەسەر جەستەیەوە هەیە، دوای گرتنەبەری ڕێوشوێنی تەندروستی ڕادەستی کەسوکاری کرایەوە و تائێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.

 

جەختیش کراوەتەوە، دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوەش بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ڕوداوەکە بەردەوامە.