ناس کورد-
مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى عێڕاق ڕایگەیاند، سيستمى تاييفى لە عێراق "درۆيەكى گەورەيە" و بەڵێنى ئەوەش دەدات كە شەڕ لە دژى بكات و بە تەواوەتى كۆتايى پێبهێنێت، لەو ماوەيەى لەدەسەڵاتە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
مستەفا كازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لەمیانەى چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەى "زە ناشيوناڵ" ئاماژەى بەوە کرد، تاييفى هۆكارى سەرەكى بڵاوبونەوەى گەندەڵييە لە عێراقدا لە ساڵى 2003 ەوە، بيرۆكەى تاييفى كە باڵانسى نيشتمانى دابيندەكات پێويستە بە تەواوەتى كۆتايى پێبهێنرێت.
كۆتايى تاييفى
كازمى باسى لەوەشكردوە، كێشە لە هەيكەليەتى هەندێك دامەزراوەدا هەيە لەساڵى 2003 ەوە، بە ڕێگەيەكى هەڵە بنيادنراون و پشتيان بە دابەشكارى تاييفى و ڕەگەزيى بەستووە، ئەوەش بووەتە هۆى دابەشبونى سياسى.
باسى لەوەشكرد، ئەگەر بڵێين باڵانسى نيشتمانى ئەنجامى دابەشبونى تاييفيە ئەوە درۆيەكى گەورەيە، لەڕاستيدا ئەو دا بەشبونە تاييفيە دابەشبونى سياسييە كە بوەتە هۆى لاوازكردنى دەوڵەت و گەندەڵكردنى دامەزراوەكانى.
ئەوەشى ڕونكردوەتەوە، كار دەكەين بۆ گرەنتيكردنى پێكهاتەكانى دەوڵەت و بەرەنگاربونەوەى كەسە نانيشتمانييەكان لەناو ئەو پێكهاتانەدا.
پێشتر مستەفا كازمى بەڵێنى بەهێزكردنى هێزە ئەمنيەكان و رادەستكردنى بەرپرسانى تیرۆرکردنى چالاكوانانى ماوەى دوايى بە دادگادا و لەو بارەيەوە باسى لەوەكرد، ئەو گروپانەى كە پێيان وايە لەسەرو ياساوەن بەم نزيكانە جوڵەى جدى هێزە ئەمنيەكانمان دەبينن.
هێماى بۆ ئەوەشكرد، بەرنامەى حكومەتەكەمان لەسەر دڵنياكردنەوە لە سەروەرى دەوڵەت بنيادنراوە، لەوانەش قۆرخكردنى بەكارهێنانى هێز لەناو هێزە ئەمنيە فەرميەكان و قەدەغەكردنى بەكارهێنانى چەك لە دەرەوەى ياسا، پێشتر هەوڵ هەبوو بۆ بچوككردنەوەى هێزە ئەمنيەكانى دەوڵەت و گەندەڵكردنيان.
سەرۆكوەزيرانى عێراق دەشڵێت، كار بۆ دوبارە پێكهێنانەوەى ئەو هێزانە دەكەين و پاكيان دەكەينەوە لە ئەندامە گەندەڵەكان و ئەوەش كاتى دەوێت، بەڵام لێپرسينەوە لەو كەسانە دەكەين كە تاوانيان ئەنجامداوە.
دواى خۆپيشاندانى فراوان و دەستلەكاركێشانەوەى سەرۆكوەزيرانى پێشوو، مستەفا كازمى دەسەڵاتى گرتە دەست، بەڵام ژمارەيەكى زۆر ئاڵنگارى گەورەى لەبەردەمدايە و لە ديارترينيشيان ميليشياكانى سەربە كۆمارى ئيسلامى ئێرانە.
كازمى ئاماژە بەوەدەدات، پێويستە هەموان ئەوە بزانن كە هێزى دەوڵەت بەسەرياندا جێبەجێ دەكرێت، مەرجى سەرەكى بۆ هەر پرۆسەيەكى چاكسازى، ڕێزگرتنى بڕيارەكانى دەوڵەت و جێبەجێكردنيانە، هەيە بە ئاسانى سەروەرى دەوڵەت قبوڵ ناكات بەڵام ڕێگەمان هەيە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كەسانە.
قوربانى تيرۆركردنەكان
ژمارەيەكى زۆر چالاكوان و خۆپيشاندەرانى عێراقى لەسەر دەستى گروپە چەكداريەكان ڕوبەڕوى تيرۆركردن بونەوە بەتايبەتى لەماوەى چەند مانگى ڕابردودا، ئەوەش واى لە كازمى كرد كە دەستبكات بە لێكۆڵينەوە، بەتايبەتى لەگەڵ زيادبونى پەستانە جەماوەرييەكان.
ناوبراو لەو بارەيەوە دەڵێت، پلانێكمان داناوە و هەفتەى ڕابردوو دەستمان پێكردوە، هەنگاوى يەكەم ڕاگەياندنى ناوى كوژرا و برينداران و خێزانەكانيان و دابينكردنى ئەوەى پێويستيان پێيەتى و بەردەوام دەبين لە لێكۆڵينەوە لە كەيسى قوربانييەكان.
لەمانگى حەوتدا مستەفا كازمى داواى هەڵبژاردنى پێشوەختى كرد، هەوڵى ئەوە دەدات هەڵبژاردنێكى پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت كە عێراقيەكان دەنگى تێدا بدەن بەبێ ترس لەوانەى كە لە دەسەڵاتدان.
لەو بارەيەشەوە سەرۆكوەزيرانى عێراق ئەوەى ڕونكردوەتەوە، ئاگایى لەسەر دابينكردنى بارودۆخێكى گونجاو دەكەم كە ڕێگە بدات هەڵبژاردنێكى ئازادانە و پاك بەڕێوەبچێت و متمانەى عێراقيەكان بە پڕۆسەى هەڵبژاردن بگەڕێنرێتەوە، لەم قۆناغەدا بير لە هيچ شتێكى تر ناكەمەوە.
لەو بڕوایەشدایە، هێزە گەندەڵەكان بەهەموو هێزيانەوە كاردەكەن بۆ بەردەوامى دابەشبونى تاييفى، چونكە بارودۆخەكە گونجاوە بۆ پەرەدان بەو دابەشبونە، بەرنامەى چاكسازى كاتى زۆر دەوێت و هەموو هێزمان بەكاردەهێنين بۆ هاندانى پرەنسیپى نيشتمانى و نەتەوەيى، بەپێى توانا پشتگيرى هێزە نيشتمانيەكان دەكەين.
پەيوەنديەكان لەگەڵ كەنداو
كازمى لەو بڕوایەدایە، ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست پێويستى بە دنيابينييەكى نوێيە، گەشەپێدانى ئابوريى و كۆمەڵايەتى پێويستە لە پێشينەى پەيوەنديەكانى دەوڵەتانى عەرەبى بێت، لەگەڵ ڕێزگرتنى سەروەرى هەموو دەوڵەتەكان و دەستوەرنەدان لەكاروبارى ناوخۆيى.
دەشڵێت، پێويستە ڕوبەڕوى دابەشبونى تاييفى و ڕەگەزييەكان بوەستينەوە كە لە ناوچەكەدا بڵاوبوەتەوە، دەوڵەتانى كەنداو نوێنەرايەتى قوڵايى ستراتيژيمان دەكەن و هەوڵى گەشەپێدانى پەيوەندييەكانمان دەدەين بۆ باشترين ئاست، چونكە ئەوە خزمەتى سەقامگيرى ناوچەكە دەكات و سنورێك بۆ دابەشبونى تاييفى دادەنێت كە شەڕ پارچە پارچەى كردوين، ئەوەش حەزى زۆرينەى عێراقييەكانە.