گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمى بۆ وەزیرى بەرگریی فەڕەنسا: هەوڵدرا سوپاکەمان لاواز بکرێت بەڵام ڕووبەڕووی بوینەوە

2020.08.27 - 15:43
کازمى بۆ وەزیرى بەرگریی فەڕەنسا: هەوڵدرا سوپاکەمان لاواز بکرێت بەڵام ڕووبەڕووی بوینەوە

ناس کورد- 

لەکۆبونەوەکەى نێوان سەرۆکوەزیرانى عێراق و وەزیرى بەرگریی فەڕەنسادا تاووتوێی چەند پرسێکى سەربازى و ئەمنیى عێراق و سوریا و ناوچەکە کرا و کازمیش ئاماژەی بەوەکردووە، ڕوبەڕووى هەوڵى لاوازکردنى سوپاکەیان بونەتەوە.

 

لەڕاگەیەنراوێکدا نوسینگەى ڕاگەیاندنیى سەرۆکوەزیرانى عێراق ڕایگەیاند، لەکۆبونەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگریی فەڕەنسادا تاووتوێی بارودۆخى ئاسایشى عێراق و ناوچەکە و پالپشتیکردنى هەوڵەکانى عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر کراوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، مستەفا کازمى بەگەرمییەوە پێشوازى لەوەزیرى بەرگریی فەڕەنسا کردووە و جەختى لەوەشکردووەتەوە، فەڕەسنا هاوبەشە لەشەڕى دژى تیرۆردا و حکومەتى عێراقیش سوورە لەسەر بەرەو پێشبردنى ئەو هاوبەشیە بەمەبەستى گەشەپێدانى زیاتر بە هێزە ئەمنییەکانى عێراق و پتەوکردنى ئاڵوگۆڕى زانیارى لەنێوان هەردوو وڵاتدا. 

 

لە کۆبوونەوەکەدا، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، سوپاى عێراق دووچارى هەوڵى لاوازکردنى بووەتەوە، بەڵام حکومەت بەرەنگارى ئەو پلانە بووەتەوە.

  

لاى خۆشیەوە، فلۆرانس بارڵى، وەزیرى بەرگریی فەڕەنسا ستایشى مستەفا کازمیى سەرۆک وەزیران کردووە کە توانیویەتى چەند هەنگاوێکى سەرکەوتوو بنێت سەربارى ئەوەى چەند هەفتەیەکە دەستبەکاربووە لەپۆستەکەیدا.

 

بارڵى جەختى لەوەشکردووەتەوە، فەڕەنسا سوورە لەسەر هاوکاریکردنی عێراق بۆ شەڕى دژى تیرۆر و پاڵپشتیکردنى هێزە ئەمنییەکانى عێراق بەتایبەتى فەڕەنسا بەشدارە لەهاوپەیمانێتى نێودەوڵەتى دژى تیرۆر. 

 

وەزیرى بەرگریی فەڕەنسا ڕوونیشیکردووەتەوە، فەڕەنسا ئەوە بەعێراق دەگەیەنێت کە هێشتا داعش مەترسییە بۆسەر عێراق و ناوچەکە بەتایبەتى چالاکیەکانى لەسوریا و ئەوانیش بۆ بەرەنگاربوونەوەى بەردەوامن.

 

ئامادەى وڵاتەکەشى پیشانداوە بۆ دەستپێکردنەوەى مەشق و ڕاهێنان بەهێزە ئەمنیەیکانى عێراق لەنزیکترین کاتدا کە بەهۆى بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ڕاگیراوە.

 

هەر بەپێى ڕاگەیەنراوەکەى نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمى لەگەڵ وەزیرى بەرگریی فەڕەنسادا لەتەوەرێکى کۆبونەوەکەدا باسیان لەبارودۆخى سوریاى کردووە کە کاریگەرى لەسەر سەقامگیرى لەسەر عێراق و ناوچەکەش هەیە.