ناس کورد-
لیژنەی کاروباری تەندروستیی چین ڕایگەیاند، هیچ توشبوویەکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی شاری پەکینی پایتەخت نەماوە، ئاماژەی بەوەشکرد، زیاترلە 94%ی حاڵەتەکانی توشبوو بە ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە ڕاگەیاندراوێکدا، لیژنەی کاروباری تەندروستیی چین بڵاویکردەوە: " دوایین دوو توشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە لە نەخۆشخانەیەکی شاری پەکیندا چارەسەریان وەردەگرت، ئەمڕۆ چاکبوونەتەوە و نەخۆشخانەکەیان بەجێهێشت".
ئاماژەی بەوەشکردووە: "بەچاکبوونەوەی ئەو دووحاڵەتە ئەمە یەکەمجارە هیچ توشبوویەکی پەتاکە لەنەخۆشخانەکانی شارەکەدا بوونی نەبێت ".
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی چین لەسەرەتای سەرهەڵدانی پەتاکەوە 935 توشبووی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەکانی شاری پەکین تۆمارکراون کە 335 کەسیان تەنها لە مانگی حوزەرانی ڕابردوودا بووە، ئەوەش دوای تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکە لە بازاری (سینڤادی) کەیەکێکە لە بازارەکانی فرۆشتنی خواردەمەنییە دەریاییەکانی شارەکە.
لە ئێستادا حکومەتی چین ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسەکە تاڕادەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە و هاووڵاتیانی ناچار ناکات لە کاتی هاتنەدەرەوەیان پابەندی بەستنی دەمامک بن، تەنها لە کاتی بەکارهێنانی هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیی و لە شوێنە جەنجاڵەکاندا پەیوەست دەکرێن بە بە بەستنی.
بۆیەکەمجار ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری ووهانی ئەو وڵاتە سەریهەڵدا و بووە هۆی توشبوونی زیاتر لە 84 هەزارکەس بە ڤایرۆسەکە و نزیکەی شەش هەزار کەسی دیکەش بەهۆیەوە مردن، پەتاکە پاش بڵاوبوونەوەی لەچین بە خێرایی لەنێو وڵاتانی جیهان تەشەنەی سەند و لە ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی کە تائێستا توشی ڤایرۆسەکە بوون 23 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 830 هەزار کەسی دیکەش بەهۆی ئەو پەتایەوە مردون.