گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کازمی و عامری کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بەغدا ئەنجامدەدەن

2020.08.26 - 17:18
کازمی و عامری کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە بەغدا ئەنجامدەدەن

ناس کورد-

ئەندامێکی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە بەغدای پایتەخت کۆدەبنەوە، ئاماژەی بەوەکرد، کۆبوونەوەکە بۆ تاووتوێکردنی ئەنجامی سەردانی شاندەکەی عێراقە بۆ واشنتن ودۆخی هەنوکەیی وڵات.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی ئابی 2020، فازیل فەتلاوی، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح-ی سەر بەهادی عامری لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند : "ئێوارەی ئەمڕۆ مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح لە بەغدا کۆدەبنەوە".

 

فەتلاوی ئاماژەی بەوەکرد: "لە کۆبوونەوەکەی نێوان کازمی و عامریدا تاووتوێی ئەنجامەکانی سەردانەکەی شاندی عێراق بۆ واشنتن دەکرێت " .

 

ئەندامەکەی هاوپەیمانی فەتح باسیلەوەشکردووە: " دۆخی ئەمنیی عێراق و پرۆسەکانی تیرۆرکردنی چالاکوانان لە شارەکانی باشوری عێراق بەشێکی گرنگ دەبن لە گفتۆگۆکانی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە".

 

کۆبوونەوەکەی کازمی و عامری لە کاتێکدایە، دوێنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاویانکردەوە، نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وهادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کۆبوونەتەوە بەمەبەستی دروستکردنی هاوپەیمانێتییەک دژی کازمی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق کە بڕیارە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت. 

 

هەفتەی ڕابردوو لەسێ هێرشی چەكداری جیاجیادا لە بەسڕە ژمارەیەك چالاكوان كوژران کە لەنێوانیاندا پزیشک و کچە چالاکوانێکی شارەکە بوو بەناوی ریهام یعقوب، ڕووداوەكان ناڕەزایەتی چالاكوانان و ڕێكخراوە مەدەنییەكانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەهۆیەوە خۆپیشاندان لەو شارە ئەنجامدرا.

 

23ی ئەم مانگە سەرۆکوەزیرانی عێراق دوای گەڕانەوەی لەواشنتن بە چەند کاتژمێرێکی کەم سەردانی پارێزگای بەسڕەی کرد بۆ لێکۆڵینەوە لەدۆخی ئەمنیی شارەکە، وەزیری ناوخۆی عێراقیش ڕۆژی دواتر ڕایگەیاند، هێزەی ئەمنیی  لە بەغداوە بەرێکەوتووە بەرەو بەسرە بەمەبەستی دەستگیرکردانی بکوژان و ئەوانەی تێوە گلاون لە کوشتنی چالاکوانن و ڕۆژنامەنووسان.

 

20ی ئەم مانگە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە یاوەری شاندێکی حکومەی عێراقی باڵا سەردانی واشنتۆنی کرد ولەگەڵ دوناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە .