گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’رەنگدانەوەی لەسەر هەموو پرۆسەی سیاسی دەبێت’’

پارتى باسى ’’قۆناغێکى نوێی’’ پەیوەندى لەگەڵ یەکێتى دەکات

2020.08.26 - 12:52
App store icon Play store icon Play store icon
پارتى باسى ’’قۆناغێکى نوێی’’ پەیوەندى لەگەڵ یەکێتى دەکات

ناس کورد-

 

وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان خواستى حزبەکەى ئاشکراکرد بۆ بنیاتنانى قۆناغێکی نوێی پەیوەندیی لەگەڵ یەکێتى نیشتیمانى کوردستان، بەشێوەیەک کە رەنگدانەوەى لەسەر کۆى پڕۆسەى سیاسی هەبێت.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

پارتى و یەکێتى ماوەى زیاتر لە مانگێکە پەیوەندییەکانیان رووى لە ئاسایبوونەوە کردووە، دواى چەند مانگێکى درێژ لە ناکۆکى و گەیشتنى پەیوەندییەکانیان بە خراپترین ئاست، بەهۆى چەندین کێشەوە لەسەر حکومەت و پەرلەمان.

 

بەپێی میدیاى فەرمى پارتى، مەحمود محەمەد وتەبێژى پارتی ڕایگەیاندووە "ئێمە دەبێت هەوڵبدەین ئەو گرێیانەی ئێستا هەن، خاویان بکەینەوە و بگەینە ئەوەی بەرە بەرە ناوەڕۆکی رێککەوتنە سیاسییەکەی نێوانمان جێبەجێ بکەین هەر لە بابەتی پەرلەمانەوە تاوەکو حکوومەت و ئەو یاسایانەی رەهەندی دەستوورییان هەیە، بۆ ئەوەی بزانین چۆن بەیەکەوە هاوکاری بکەین".

 

پارتى و یەکێتى 11ى ئەم مانگە لەکۆبوونەوەیەکدا لە هاوینەهەوارى دوکان جەختیانکردەوە لەسەر پشیوانیکردنى حکومەت و جێبەجێکردنى رێککەوتنى نێوانیان لەساڵى 2019 بەتایبەتى لەپرسی تایبەت بە پەرلەمان و حکومەت.

 

هەر لەکۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کۆبوونەوەى داهاتووى نێوانیان لە سەرۆکایەتى هەرێم لە هەولێر ئەنجام بدرێت بەئامانجى جێبەجێکردنى بریارەکان.

 

سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی داهاتووی یەکێتی و پارتی، وتەبێژی پارتی وتى "دەبێت بەم نزیکانە ئەم کۆبوونەوەیە بکرێت، چونکە لەو کۆبوونەوەیەدایە ئەو خاڵانەی دیکەی لەسەریان رێککەوتووین، ورددەکرێنەوە و ئالییەتی جێبەجێکردنیان بۆ دادەنرێت، بۆیە بە جێبەجێکردنی ئەمە دەگەیەنە قۆناغێکی دیکە لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ یەکێتی".

 

بەوتەى مەحمود محەمەد، قۆناغی نوێی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی "رەنگدانەوەی لەسەر هەموو پرۆسەی سیاسیی کوردستان دەبێت، پاڵپشتییەکی گەورەش دەبێت لە بەشداریی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراقی و چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەمانە".