گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنى یەکێتى رەخنە لە کازمی دەگرێت

’’ رێککەوتنى رانەگەیەنراوى’’ لایەنەکان بۆ گۆڕینى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە ئاشکرادەبێت

2020.08.26 - 12:36
’’ رێککەوتنى رانەگەیەنراوى’’  لایەنەکان بۆ گۆڕینى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە ئاشکرادەبێت

ناس کورد-

 

لایەنە سیاسییەکان گەیشتوون بە "رێکەوتنێک" کە هێشتا رانەگەیەنراوە بۆ گۆڕینى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە، کە بڕیارە لە شەشى حوزەیرانى داهاتوودا بەڕێوەبچێت، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى "مەدا" ى عێراقى.

 

بەپێی راپۆرتێکى ڕۆژنامەکە، ئەو لایەنانە کە بەردەوامن لە کۆبوونەوە بە شێوەى نیمچە رۆژانە، پێشنیاز دەکەن مانگى نیسان یان تشرینى یەکەم یان کانونى یەکەمى ساڵى داهاتوو دیاریبکرێت، وەک وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە، لەجێگەى ئەو وادەیەى مستەفا کازمى دیاریکردووە.

 

جوان ئیحسان سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق دەڵێت "پەرلەمان ناڕازییە لە کارەکەى کازمى بۆ دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردن، چونکە ئەوە دەستوەردانى روون و ئاشکراى دەسەڵاتەکانى پەرلەمانە".

 

وتیشى "پەرلەمان پرسی دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردن تاوتوێدەکات لە وەرزى نوێی یاساداناندا کە لە سێی ئەیلولى داهاتوو دەستپێدەکات، سەرۆکى پەرلەمانیش گفتوگۆ و دانوستان دەکات لەگەڵ لایەنەکان بۆ وەرگرتنى بۆچونیان لەو بارەیەوە".

 

پاساوى ئەو لایەنانە بۆ دواخستنى وادەى هەڵبژاردنى پێشوەختە ئەوەیە، کاتى بانگەشەى هەڵبژاردن دەکەوێتە مانگى رەمەزانەوە و بەهۆیەوە کاندیدەکان ناتوانن بانگەشەى زۆر بکەن، سەربارى کێشەى دیکەى وەک بودجەى هەڵبژاردن، دۆخى تەندروستى و ئاسایش.

 

لەبارەى وادەى نوێی پێشنیازکراو بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە، جوان ئیحسان وتى "ئاگادارى ئەو وادە نوێیانە نیم، ئامادەکارییە تەکنیکى و لۆجیستییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئایا دەتوانرێت لەو کاتەدا کە دیاریکراوە هەڵبژاردن بکرێت یان دوابخرێت".

 

ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە داواکارییەکى سەرەکى خۆپیشاندەرانى عێراقە کە لە تشرینى یەکەمى ساڵى ڕابردووەوە تا ئێستا بەردەوامە.

 

هاوپەیمانى فەتح پێشتر پێشنیازیکردبوو مانگى نیسان هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، وادەکەى کازمیشى بە "نەگونجاو" دانابوو، بەهۆى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما و تاقیکردنەوەى وەزارییەوە.

 

عەباس زاملى پەرلەمانتارى فەتح وتى "پەرلەمان تاکە دەسەڵاتە بۆ دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردن نەک حکومەت".

 

وتیشى "پابەندین بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەساڵى 2021 بەڵام جیاواز لەو وادەیەى کازمى دیاریکردووە".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاشکرایکردووە، کوتلە پەرلەمانییەکان لەکوبوونەوەکانیاندا پێشنیازى مانگى نیسان یان تشرینى یەکەم یان کانونى یەکەمیان کردووە بۆ هەڵبژاردن.

 

تا ئێستا پەرلەمان هیچ هەنگاوێکى کرداری نەناوە بۆ گۆڕینى وادەى هەڵبژاردنەکە، لەکاتێکدا مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران چەند جارێک جەختیکردووەتەوە کە ئامادەن لەو وادەیەدا کە دیاریکردووە هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

 

ماجد شنگالى پەرلەمانتارى پێشووى پارتى پێیوایە، دیاریکردنى وادەکە هەندێ لایەنى هەراسان کردووە و هانیداون هەڵمەتى پێچەوانە ئەنجام بدەن.

 

وتیشى "هەندێ دەیانەوێت دۆسیەى ئەمنى بقۆزنەوە بۆ چوونە ناو ململانێی سیاسی و مەزهەبی و نەتەوەیی، وەک ئەوەى لە هەڵبژاردنى رابردوودا روویدا".

 

"دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردن هەندێکى هانداوە کاربکەن بۆ سنوردارکردنى رۆڵى کازمى، لەبەرئەوەى دەترسن لەرێگەى بەشداریکردنى بە حزب یان کوتلەیەکى بەهێز سەرکەوتن بەدەستبهێنێت"، شنگالى وایوتووە.