گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’پێشمەرگە زیاتر پابەندە و حەشدیش دوو جۆرە’’

عەلاوى: لە شوێنى کازمى بومایە سەردانەکەى واشنتنم ڕەت دەکردەوە

2020.08.26 - 09:58
عەلاوى: لە شوێنى کازمى بومایە سەردانەکەى واشنتنم ڕەت دەکردەوە

ناس کورد-

ئەیاد عەلاوى ڕایدەگەیەنێت، شەڕى شیعە و شیعە بەرەو توندتر دەچێت و مانەوەى کازمیش لە پۆستەکەى "ئەستەمە"، دەشڵێت ئەگەر ئەو سەرۆکوەزیران بوایە سەردانەکەى واشنتۆنى ڕەت دەکردەوە.

 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵى دیجلە، ئەیاد عەلاوى، سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتیمانى عێراقى ڕایگەیاندووە، "مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران قوربانیى پڕۆسەى سیاسى و جموجۆڵەکانیەتى و دوچارى بەرەنگارییەکى سەخت دەبێتەوە".

 

ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە، لوتکەى عێراقى- ئوردن-میسرى کە لە عومان بەڕێوەچوو سەرکەوتوو بوو بەڵام لە کوەیتى کەم بوو، گەرچى ڕێککەوتنیان لەگەڵ ئوردندا لەسەردەمى کابینەکەى ئەودا هەیە بەڵام هیشتا جێبەجێنەکراوە.

 

عەلاوى لەبارەى سەردانەکەى کازمى بۆ ئەمریکا وتى، "پێشوازیکردن لە سەرۆکوەزیرانى عێراق لە واشنتن بەو شێوەیە نەبوو کە چاوەڕواندەکرا و ئەمریکاش لەچەند ناوچەیەکى عێراق ناکشێتەوە".

 

دەشڵێت، ئەو بەخشینەى کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پێشکەشى عێراقى کردووە خەرجى یەک ڕۆژە و کۆمپانیا ئەمریکیەکانیش کە گرێبەستیان لەگەڵ عێراقدا واژوو کردووە لەمیانى سەردانەکەى کازمیدا نایەن بۆ عێراق.

 

عەلاوى ئاماژەى بۆ ئەوەشکردووە کە "من بومایە لەشوێنى کازمى سەردانەکەى واشنتنم ڕەتدەکردەوە".

 

لەبارەى خۆپیشاندانەکانى ئەمدوایەشەوە، عەلاوى باسى لەوە کردووە، هێزە ئەمنیەکان بەدوو ڕۆژ بارمتەگیراوێکى ئەڵمانیان ڕزگار کرد بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیووە بکوژى خۆپیشاندەران ئاشکرا بکەن، بانگەشەى چەکهەڵگرتن بۆ پاراستنى خۆپیشاندەرانیش، پشێوى دروستکردنە بەمەبەستى کۆتایهێنان بەو خۆپیشاندانانە.

 

عەلاوى ئەوەشى درکاندووە، باڵێۆزى ئەمریکا لەبەغدا دەخوازێت خۆپیشاندەران بناسێت و لەگەڵیاندا دابنیشێت.

 

سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتیمانى ئەوەشى خستووەتە ڕوو، زۆربەى دەزگا ئەمنیەکان دزەکراوەتە ناویانەوە و هەموو تەکنیککاران لەهەواڵگرى گۆڕدراون و هێزەکانى پێشمەرگە زیاتر پابەندن و حەشدى شەعبیش دوو جۆرن جۆرێکیان خەباتکار و جۆرێکى دیکەشیان لادەرە "گەر من سەرۆک وەزیران بوومایە لەگەڵ حەشدى دەگەیشتمە لێکتێگەیشتن".