گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕاگەیاندنی ئەمنی: فڕۆکەکانی تورکیا ئاسمانی عێراقیان بەزاندەوە و چەندین هاووڵاتیان شەهید و بریندارکرد

2020.08.26 - 00:53
ڕاگەیاندنی ئەمنی: فڕۆکەکانی تورکیا ئاسمانی عێراقیان بەزاندەوە و چەندین هاووڵاتیان شەهید و بریندارکرد

ناس کورد-

درەنگانی ئەمشەو شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند، جارێکی دیکە فڕۆکەکانی تورکیا سنوری ئاسمانی عێراقیان بەزاند و چەندین هاووڵاتی مەدەنیان شەهید کرد.

 

درەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 25ی ئابی 2020، لەڕاگەیەندراوێکدا شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند: "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا جارێکی دیکە سنوری ئاسمانی عێراقیان بەزاند و کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، لە ناحیەی خانسوری سنوری قەزای شنگال ئۆتۆمبێلێکیان کردە ئامانج."

 

شانەکە ئاماژەی بەوەشكردووە، لە بۆردومانەکەدا دوو هاووڵاتی مەدەنی کە لە ئۆتۆمبێکەدا بوون شەهید بوون و شۆفێرەکەشی ڕزگاری بووە.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە هەمانکاتدا و هەر لە ناحیەی خانسور گوندی "بارە"یان بۆردومانکردووە، بەڵام تائێستا ژمارەی شەهید و قوربانییەکان نازانرێت.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، چەندین ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری "ئەمبوڵانس" چوونەتە ناوچەکە بۆ گواستنەوەی قوربانییەکان.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەماوەی ڕابردووشدا و لە بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیادا، دوو ئەفسەری باڵای هێزەکانی پاسەوانی سنوریی عێراق شەهید بوون و ئەوەش کاردانەوەیەکی زۆر لێکەوتەوە.