ناس کورد-
هاوڵاتییەکی شاری هەڵەبجە پاش ئەوەی لەدوای کیمیابارانکردنی شارەکە بەرەو بەغدا جێدەهێڵێت، ئەمڕۆ و دوای 32 ساڵ گەڕایەوە هەڵەبجە، پارێزگاری شارەکەش لەسەر ئەرکی خۆی شوێنی نیشتەجێبوون و پێداویستییەکانی بۆ دابینکرد.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
کوێستان ئەکرەم، سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لەهەژماری خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "بەڕێز مەحمود محەمەد ئەحمەد کە هاووڵاتیەکی هەڵەبجە و دانیشتووی ناحیەی خۆڕماڵ بووە وە پێشتر کارمەندی شارەوانی بووە، دوای تاوانی کیمیاباران چووەتە بەغدا و ئێستا گەڕاوەتەوە هەڵەبجە."
ئاماژەی بەوەشكردووە: "پارێزگاری هەڵەبجە و جێگری پارێزگار پێشوازیەکی گە رمیان لێی کرد و وێڕای بەخێرهاتنەوەی، ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاری کردنی دەربڕی و پارێزگار لەسەر ئەرکی خۆیی شوێنی نیشتەجێ و پێداویستیەکانی بۆ دابینکرد."
ئەمە لەکاتێکدایە، ئەو هاووڵاتییە دوای کیمیابارانیکردنی شاری هەڵەبجە لەساڵی 1988، ئەو شارەی جێهێشتووە و چووەتە بەغدا و تاوەکو ئەمڕۆ کە گەڕاوەتەوە لە شاری بەغدا ژیاوە و کاری حەماڵی کردووە.