گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی بەڵام مەرجێکی هەیە

2020.08.25 - 20:28
ئێران ئامادەیی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەربڕی بەڵام مەرجێکی هەیە

ناس کورد-

سەرۆككۆماری ئێران مەرجی دانوستانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا رایگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەری هەیە لەگەڵ واشنتن دانوستان بکەن بەڵام پێویستە پێشتر ئەو وڵاتەکە بگەڕێتەوە سەر ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوانیان.

 

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا حەسەن ڕۆحانی، سەرۆککۆماری ئێران ڕایگەیاند: " ئەگەری هەیە لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆی تایبەت بە گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ بکەین، بەڵام پێویستە سەرەتا واشنتن بگەڕێتەوە سەر ئەو رێککەوتنەی کە 2018 لێی کشایەوە."

 

وتیشی: "ئەمەریكا لە فشار خستنەسەر ئێران سەركەوتوو نەبوو و له‌ شكستی ھێنا، ئەوان مەبەستیان بوو به‌ لاوازی و ناچاری ئێران په‌لكێشی سه‌ر مێزی گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئەوەیان بۆ نەکرا."

 

حەسەن ڕۆحانی ئاماژەی بەوەشكرد: "ئەمریکا ویستی له‌رێگه‌ی بەھێزكرنی دۆلار و لاوازكردنی تمەنی ئێرانی ناچاری دانوستانمان بكات، بەڵام سەرکەوتووە نەبوو، دواتر ویستی قەیرانێك لە ئێران دروست بكات و هاوڵاتیانمان خۆپیشاندان ئەنجامبدەن، بەڵام دووبارە شکستی هێنا."

 

سەرۆککۆماری ئێران ڕونیشیکردووەتەوە، ئەگەر ترەمپ بیه‌وێت رێكەوتنیان له‌گه‌ڵ بكات، ئەوا پێویستە بگەڕێنەوە سەر رێكەوتنی پێشووی نێوانیان، بەپێچەوانەوە هیچکات لەژێر فشاردا ڕێککەوتن واژوو ناکەن.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، ئەگەر بە سەرۆکی ئەمریکا هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا لەگەڵ ئێراندا ڕێکدەکەوێت.

 

ئەمەریكا لە ساڵی 2018 و بە سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لەڕێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە كە لە ساڵی 2015 و لەسەردەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما لەگەڵ ئێران واژوو كرا.