ناس کورد-
بڕیارە سبەینێ ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە کۆبوونەوەیەکی نافەرمی دەربارەی پرسی لیبڕینی موچە ئەنجامبدەن و پرسی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تاوتوێ بکەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لە هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نوسراوێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە کرد و تیایدا داوایانکردبوو، ئەنجومەنەکە لەسەر لێبڕینی موچەی فەرمانبەران کۆببێتەوە و وەک نوێنەری هاووڵاتیان سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم تۆماربکەن.
زیاتر بخوێنەوە: یەکەم هەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەبارەی لێبڕینی موچە
ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "سبەینێ وەک سەرۆکایەتی ئەنجومەن و ئەندامانی ئەنجومەنەکە کۆدەبینەوە لەسەر ئەو پرسە، بەڵام ئەوە کۆبوونەوەیەکی فەرمی نییە کە ناو بنرێت کۆبوونەوەی ئەنجومەن."
ڕوونیشیکردەوە: "پێکەوە گفتوگۆ دەکەین لەسەر پرسی لێبڕینی موچە و ئەو نوسراوەشی کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کراوە."
دەربارەی ئەوەی کە لەدوای ئەو کۆبوونەوەیە، کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجومەنەکە لەسەر ئەو پرسە ئەنجامدەدرێت، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، نوسراوی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەن لای لیژنەی یاساییەوە و ئەوان خوێندنەوەی بۆ دەکەن و دواتر بڕیاردەدەن بە فەرمی داوای کۆبوونەوە بکەن یاخود نا و لە کۆبوونەوەی سبەینێشدا هەر گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەبێ هیچ پاڵپشت و دەقێکی یاسایی، ڕێژەی %21ی موچەی مانگی شوبات و ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی بڕی و ئەوەش کاردانەوە و خۆپیشاندانی بەشێک لەهاووڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.