گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاڵاوگەى بێجی دەخاتەوەکار پاش ئەوەى داعش وێرانی کرد

عێراق دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە شەش ملیۆن لە ڕۆژێکدا

2020.08.25 - 16:43
عێراق دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە شەش ملیۆن لە ڕۆژێکدا

ناس کورد-

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، پلانیان هەیە لە ساڵی 2023دا پاڵاوگەی بێجی بخەنەوە  کار کە لەساڵی 2014 لەسەردەستی داعش خاپورکراوە، ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا وەزارەتەکەی سەرقاڵی ئامادەکارییەکانە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا.

 

ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند: "پلانمان هەیە لە ساڵی 2023 پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین بخەینەوەگەڕ و لەهەمانکاتیشدا پاڵاوکەی کەربەلا، کارگەی گازی بەسرە و میسانیش لە هەمان ساڵدا تەواو بکرێن".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەزارەتەکەی پلانی هەیە سێ بۆری نەوت دروست بکات، ئەوەش بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ شەش ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەتایبەتی دوای بەردەوامبوونی بەرزبوونەوەی نرخەکەی کە لەئێستادا بە 45 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت".  

 

 لێدوانەکەی وەزیری نەوتی عێراق لەکاتێکدایە کە  پێشتر بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندبوو: "سەردانی شاندی عێراق بۆ واشنتۆن لە ڕووی ئابورییەوە بەرهەمداربوو".

 

باسیلەوەشکردبووە: "عێراق ڕۆژانە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و بڕیاریشە ئەو ڕێژەیە لەساڵی 2025دا بەرزبێتەوە بۆ حەوت ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا".

 

هەوڵدانیش بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەکاتێکدایە، لە لێدوانەکەی پێشوویدا وەزیری نەوت ئاماژەی بەوەشکردبوو: "دەبێت عێراق لە ئێستاوە بەدوای وزەی جێگرەوەدا بگەڕێت، چونکە لەساڵی 2030 بەدواوە خواستی جیهان لەسەر نەوت کەمدەبێتەوە".

 

بەوتەی وەزیری نەوت، عێراق ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیای (شیڤرۆن)ی ئەمریکی کردووە لە بواری نەوتدا و پلانیان هەیە لەماوەى داهاتوودا لەکێڵگە نەوتییەکانی پارێزگای زیقار ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە بۆ ملیۆنێک بەرمیل لەڕۆژێکدا. 

 

هاوکات دەرباری گازی سروشتی، ئیحسان عەبدولجەبار رونیکردووەتەوە، پڕۆژەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە عێراق بەڕێژەی لە 80% تەواوبوون و لەساڵی 2025یشەوە هیچ بڕە گازێک لەعێراقدا ناسوتێنرێت و بەفیڕۆش ناڕوات.