گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ترس هەیە ترەمپ ’فشار دروستبکات بۆ رێگەپێدان بە ڤاکسین’

ئەمریکا؛ هەوڵەکانى دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا تێکەڵ بە ململانێی هەڵبژاردن دەبێت

2020.08.25 - 10:42
ئەمریکا؛ هەوڵەکانى دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا تێکەڵ بە ململانێی هەڵبژاردن دەبێت

ناس کورد-

هەوڵەکانى دۆزینەوەى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا لەئەمریکا تێکەڵ بە پرسی هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بووە و زانایان ترسیان هەیە ترەمپ "فشار دروستبکات بۆ رێگەپێدان بە ڤاکسین" پێش وادەى هەڵبژاردنەکە، بەبێ ئەوەى کارایی و سەلامەتى بسەلمێنرێت.

 

بەپێی ئاژانسى رۆیتەرز، زانایان و شارەزایانى بوارى تەندروستى نیگەرانى خۆیان نیشانداوە لەوەى دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا فشار لەسەر دامەزراوەى خۆراک و دەرمانى وڵاتەکەى دروستبکات بۆ خستنەڕووى ڤاکسین پێش تشرینى دووەمى ئەمساڵ ئەوەش بەمەبەستى زیادکردنى هەلى دوبارە هەڵبژاردنەوەى.

 

ئەنتۆنى فاوچى گەورە شارەزاى پەتاناسى ئەمریکى هۆشداریدا لە دابەشکردنى ڤاکسینى دژە کۆرۆنا بەپێی رێنماییەکانى بەکارهێنانى بەشێوەى فریاگوزاریی تایبەت، پێش ئەوەى کارایی و سەلامەتى بسەلمێنرێت لە تاقیکردنەوەکاندا و وتى "ئەوە بیرۆکى خراپە و کاریگەرى گەورە لەسەر تاقیکردنەوەى ڤاکسینەکانى دیکە دروستدەکات".



فاوچى کە بەڕێوەبەرى پەیمانگاى نیشتیمانى نەخۆشیە گوازراوەکانە لە لێدوانێکیدا بۆ رۆیتەرز، رەتیکردەوە قسە لەسەر هەوڵەکەى ترەمپ بکات، بەڵام وتى چەندین مەترسى بەڕێوەیە ئەگەر پەلە بکرێت لە خستنەڕووى ڤاکسین.

 

وتیشى "تاکە شتێک کە خوازیارم نەیبینم بەکارهێنانى ڤاکسین و رێگەدان بەبەکارهێنانیەتى بەشێوەیەکى خێرا پێش ئەوەى کارایی بسلەمێنرێت".



بەوتەى فاوچى، یەکێک لە مەترسی چاوەڕوانکراوەکان ئەوەیە ئەگەر ڤاکسین بەپەلە بخرێتەروو، کارێکى قورس و مەحاڵ دەبێت ڤاکسینەکانى دیکە لەلایەن خەڵکەوە تاقیبکرێنەوە.

 

هەوڵەکانى دۆناڵد ترەمپ لەو بارەیەوە ترسی دروستکردووە لە دەستوەردان لە پرۆژەى رەزامەندى رێکخراو لەسەر ڤاکسین، دواى ئەوەى رۆژى یەکشەمە رێگەیدا بە بەکارهێنانى پلازما بەشێوەى فریاگوزاریی بۆ توشبووانى کۆرۆنا پێش ئەوەى سودە تەندروستییەکەى لە تاقیکردنەوەى کلینیکى هەڕەمەکیدا هەڵبسەنگێنرێت.

 

ترەمپ شەممەى ڕابردوو لە تویتێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، ئەندامانى "دەوڵەتى قوڵ" لە دامەزراوەى خۆراک و دەرمانى ئەمریکا بەرەوپێشچوونەکانى دەرمان و ڤاکسینەکان دوادەخەن بۆ دواى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لە سێی تشرینى دووەمدا، لەپێناو زیانگەیاندن بە هەوڵەکانى دوبارە هەڵبژاردنەوەى.



شارەزایانى بوارى ڤاکسینەکان دەڵێن، ترسیان هەیە کۆشکى سپى فشار لەسەر دامەزراوەى خۆراک و دەرمانى ئەمریکا دروستبکات، بۆ خستنەڕووى ڤاکسین و بەکارهێنانى بەشێوەى فریاگوزاریی پێش ئەوەى بەتەواوى تاقیبکرێتەوە.



دزبیتر هوتیز شارەزاى نەخۆشییە گوازراوەکان و توێژەر لە بوارى ڤاکسینەکان لە کۆلێژى بايلور بۆ پزیشکى دەڵێت "هەست بە نیگەرانى زۆر دەکەم لەبارەى بەکارهێنانى میکانیزمى فریاگوزاریی بۆ شتێکى وەکو ڤاکسین. چونکە ئەو کارە بەتەواوى جیاوازە لە چارەسەرى پلازما".

 

هاوکات ئەنتۆنى فاوچى دەڵێت، رێنماییەکانى دامەزراوەکەیان لەبارەى ڤاکسین، بەدەستهێنانى رەزامەندى تەواو و میکانیزمى تایبەتە بۆ رێگەپێدانى بەشێوەى فریاگوزاریی، ئەوەش پێویستى بەوەهەیە بەروونى کارایی و سەلامەتى بسەلمێنرێت.