گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکان ’هۆکارێکى سەرەکى’ رووداوەکانى بەسرە ئاشکرادەکات

2020.08.25 - 09:48
App store icon Play store icon Play store icon
وتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکان ’هۆکارێکى سەرەکى’ رووداوەکانى بەسرە ئاشکرادەکات

ناس کورد-

وتەبێژى فەرماندەی گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق ڕایگەیاند، گەندەڵى کاریگەرى گەورەى هەیە لەسەر ئەو رووداوانەى لە پارێزگاى بەسرە روودەدەن.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لیوا یەحیا رەسول، وتەبێژى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە، فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکان بەدواداچوونى ورد دەکات بۆ دۆخى ئەمنى پارێزگاى بەسرە، ئەو پارێزگایە پێویستى بە پڕۆسەیەکى ئەمنى گەورە نییە، بەڵکو پێویستى بە هەوڵێکى هەواڵگرى هەیە بۆ گەیشتن بەو کەسانەى لەدەرەوەى یاسان.

 

وتیشى "یەکێک لە هۆکارەکانى رووداوەکانى بەسرە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى پارێزگاکە بە چەقى ئابورى عێراق دادەنرێت، بۆیە مستەفا کازمى بەم دواییانە رێنمایی دەرکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنى دەروازە و بەندەرەکان بەمەبەستى بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى کە رۆڵى گەورەى هەیە لە رووداوەکانى بەسرە".

 

یەحیا رەسول باسى لەوەشکرد، کازمى لەسەردانەکەیدا بۆ بەسرە بەڵێنیدا لێپرسینەوە لەو کەسانە بکات کە لەناو هێزە ئەمنییەکاندا کەمتەرخەمن و بریاردراوە رێگە بە هاتوچۆى ئۆتۆمبیلى جامڕەش و بێ ژمارە نەدرێت.

 

ئەوەشى خستووەتەڕوو، هێزە ئەمنییەکان توانیویانە زیاتر لە 100 ئۆتۆمبیلى جامڕەش دەستبەسەر بکەن دواى رۆژێک لەسەردانەکەى کازمى بۆ بەسرە.

 

ئێوارەى شەممەى ڕابردوو، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دواى گەڕانەوەى لە ئەمریکا گەیشتە بەسرە، به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون بۆ كێشه‌ و گرفته‌كان و داواكاری خۆپیشانده‌رانی پارێزگاکە و ‌له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ و به‌رپرسه‌ ئه‌منییه‌كانی پارێزگاكه‌ كۆبوه‌وه‌.

 

سەردانەکەى کازمى دواى خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانى ئەم دواییەى بەسرە هات، کە دواى تیرۆرکردنى چەند چالاکوانێک و هەوڵى تیرۆرکردنى چەند چالاکوانێکى دیکە سەریانهەڵدا.