گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش بەئازادانە لەنێوان عێراق و سوریا جموجۆڵ دەکەن

2020.08.25 - 09:23
نەتەوە یەکگرتووەکان: داعش بەئازادانە لەنێوان عێراق و سوریا جموجۆڵ دەکەن

ناس کورد-

بەرپرسى دژە تیرۆر لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، سەرەڕاى تێپەڕبوونى 2 ساڵ بەسەر شکستپێهێنان بە داعش، مەزەندە دەکرێت نزیکەى 10 هەزار چەکدارى داعش هێشتا چالاک بن لەعێراق و سوریا.

 

ڤلادیمیر فورونکوف، بەرپرسى دژە تیرۆر لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، بە ئەنجومەنى ئاسایشى ڕێکخراوەکەى راگەیاندووە، چەکدارانى داعش بەشێوەیەکى ئازادانە لەشێوەى شانەى بچووک لەنێوان سوریا و عێراق جموجۆڵ دەکەن.

 

وتیشى "داعش ڕیزەکانى خۆى ڕێکخستۆتەوە و چالاکییەکانى زیاتر کردووە نەک تەنها لە ناوچەکانى ململانێ لە عێراق و سوریا، بەڵکو لە هەندێک لە لقە هەرێمایەتییەکانیش چالاکییەکانى زیاتر کردووە".

 

 بەوتەى فۆرۆنکۆف لەسەرەتاى ئەمساڵەوە لە ناوچەکانى ململانێ چالاکییەکانى داعش و گروپەکانى لەهەریەک لە سوریا و عێراق زیادى کردووە و بەپێچەوانەى ئەو ناوچانەى کە ئارامە و ململانێى تێدا نییە داعش نەیتوانیوە چالاکى بنوێنێت.

 

رونیشیکردەوە، هێشتا دیار نییە کە چۆن و بە چ شێوەیەک ڤایرۆسى کۆرۆنا کاریگەرى لەسەر چالاکییەکانى داعش بەجێهێشتووە لە بەسەربازکردن و کۆکردنەوەى پارەدا.

 

بەرپرسى دژە تیرۆر لە ڕێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە کە داعش شوێن پێى خۆى لە هەندێک لە ناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست قایم کردووە کە پێشتر لەژێر دەسەڵاتى ئەودا بووە.

 

هۆشداریشیدا لەو هەڕەشە و مەترسییەى کە داعش دروستى دەکات لەسەر مرۆڤایەتى و وتى "ئەگەر کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى شکستبهێنن لە روبەڕوبوونەوەى ئەو ئاڵنکارییە ئەوا پێشبینى دەکرێت مەترسییەکانى داعش زیاتر بکات".