گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئامادەکارى بۆ کوتانى هاووڵاتیان بەڤاکسینى ئەنفلۆنزاى وەرزى دەکرێت

شانەى قەیرانەکان دوو هۆکار بۆ هەڵکشانى ئامارى کۆرۆنا لەعێراق دیاریدەکات

2020.08.25 - 08:57
شانەى قەیرانەکان دوو هۆکار بۆ هەڵکشانى ئامارى کۆرۆنا لەعێراق دیاریدەکات

ناس کورد-

وەزارەتى تەندروستى عێراق ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەى ڤاکسینى ئەنفلۆنزاى وەرزى سەرجەم هاوڵاتییان بگرێتەوە، بەرپرسێکى شانەى قەیرانەکانیش دەڵێت دوو هۆکار لەپشت زیادبوونى ئامارى کۆرۆناوەیە.

 

بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى تەندروستى عێراق، ئامارى توشبووانى کۆرۆنا لە 208 هەزار نزیکبووەتەوە کە 150 هەزار و 389 کەسیان چاکبوونەتەوە و شەش هەزار و 519 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

 

عەباس عوید حوسەینى، ئەندامى شانەى قەیرانەکان لە رەسافە بە رۆژنامەى سەباحى عێراقى ڕاگەیاندووە "بەرزبوونەوەى ئامارەکانى کۆرۆنا بەهۆى پابەندنەبوونى هاووڵاتیان بە رێنماییەکانى وەزارەتى تەندروستى، بەرزبوونەوەى پشکنینەکانە بۆ 25 هەزار پشکنینى رۆژانە".

 

لەگەڵ بەردەوامى شەڕ لەگەڵ ڤایرۆسەکە کە بەبەردەوامى شێوەى خۆى دەگۆڕێت، حوسەینى دەڵێت عێراق هێشتا لە قۆناغى یەکەمى شەپۆلەکە و لوتکەى بڵاوبوونەوەیدایە.

 

بەگوێرەى رۆژنامەکە، لەئەگەرى روودانى شەپۆلى دووەمى پەتاکە لە تشرینى یەکەمى داهاتوودا و کۆتایی هاتنى لە تشرینى دووەمدا کە هاوکات دەبێت لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ئەنفلۆنزاى وەرزى، کێشەیەکى دوو سەرە دروستدەبێت، بۆیە وەزارەتى تەندروستى ئامادەکاریی دەکات بۆ ئەوەى سەرجەم هاووڵاتیان بە ڤاکسینى ئەنفلۆنزاى وەرزى بکوترێن.