گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد

2020.08.24 - 22:20
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کرد

ناس كورد-

سەرۆکایەتى پەرلەمانى عێراق و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان تاوتوێى ئامادەکارییەکان کرد بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە لەڕووى تەکنیکى و کارگێڕى و لۆجستى و ئەمنیەوە  و جەختیان کردەوە لەسەر لابردنى بەربەستەکانى بەردەم بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تاوتوێکردنى ئەو پرسە لەکۆبوونەوەیەکى نێوان محەمەد حەلبوسى سەرۆکى پەرلەمان و لیژنەى یاسایى و نوێنەرى نەتەوە یەکگرتووەکان هات لەگەڵ ئەندامانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەنراوێکى نوسینگەى حەلبوسى کە ئەمڕۆ 24ى ئابى 2020 بڵاويکردووەتەوە.

 

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، لەکۆبونەوەکەدا ئەو هەنگاوانە خراونەتە ڕوو کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان وەکو ئامادەکارى ڕێوشوێنەکانى ئەنجامدانى هەڵبژاردنەکە دەیانگرێتە بەر، لەگەڵ کارکردن بۆ لابردنى بەربەستەکان کە دێنە سەر ڕێگا، لەوانە ئامادە کردنى بودجەی هەڵبژاردنەکە و چارەسەرکردنى کەمى شارەزا و کارمەند و چەند گرفتێکى تەکنیکى تر سەربارى قسە و باس لەبارەى دابەشکردن و دەرکردنى کارتى بایۆمەترى.



لەکۆبونەوەکەدا داوا لە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان کراوە ڕێوشوێنى مەیدانى بۆ ئاسانکارى چارەسەرکردنى کێشەى دابەشکردن و دەرکردنى کارتى بایۆمەترى بگرێتە بەر، لەوانە چالاککردنەوەى تیمە گەڕۆکەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ بۆ سود وەرگرتن لەداتا بایۆمەترییەکانى ئەوەش بەمەبەستى زیادکردنى ژمارەى تۆمارى بایۆمەترى.



بەپێى ڕاگەیەنراوەکەى نوسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکى پەرلەمان، لە کۆبوونەوەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر هەماهەنگى کۆمسیۆن لەگەڵ نوێنەرانى  نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بۆ سوود وەرگرتن و ڕاوێژکردن، هەروەها گرنگى سەرپەرشتیکردنى هەڵبژاردنى داهاتوو بۆ ئەوەى زیاتر بڕواپێکراو بێت، هەروەها چاودێریکردنى ڕێکخراوە تایبەتمەندەکانیش بەکاروبارى هەلبژاردنەکان بەگرنگ زانراوە.



لەڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێى هاریکارى نێوان کۆمسیۆن و سەرۆکایەتیەکانى تێهەڵچوونەوەى فیدراڵى لەپارێزگاکان و هەروەها شارەزایانى زانکۆ کراوە، بۆ زیاتر چاودێریکردنى پڕۆسەى هەڵبژاردنى داهاتوو ئەوەش بەهاریکارى ئەنجومەنى باڵاى دادوەرى و دەزگاکانى دیکە.

 

سەرۆکى پەرلەمانى عێراق جەختى لەسەر پاڵپشتیکردنى کارەکانى کۆمسیۆنەکە کردووە و داواشى کردووە سەربەخۆى خۆیان لەدەستنەدەن ئەوەش لەپێناو گەڕانەوەى متمانەى هاوڵاتیان بەهەڵبژاردنەکان.

 

حەلبوسى داواشى کردووە، هەموو هەوڵەکانى خۆیان بخەنەگەڕ بەمەبەستى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق شەشى مانگى حوزەیرانى داهاتووى وەک وادەى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە دیاریکردووە، بەڵام هەندێ لایەنەکان پێشنیارى کاتى دیکەیان کردووە بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکە.

 

دیاریکردنى وادەى هەڵبژاردنەکە لەکاتێکدایە، هێشتا پەرلەمانى عێراق یاساى هەڵبژاردنەکانى تەواونەکردووە، بەهۆى ناکۆکى لایەنەکان لەسەر دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردن.