گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ملیۆنان دۆلار دەڕژێتە خەزێنەى حکومەتەوە

باج؛ دەروازەى زیادکردنى داهات

2020.08.24 - 20:30
App store icon Play store icon Play store icon
باج؛ دەروازەى زیادکردنى داهات

ناس کورد-

چاوەڕواندەکرێت بڕیارەکەى وەزارەتى دارایی هەرێم بۆ هەڵوەشاندنەوەى لێخۆشبوون لەباج لە کۆمپانیا زەبەلاحەکان و پڕۆژەکانى وەبەرهێنان، ببێتە هۆى زیادبوونى داهاتى حکومەت، کە بەهۆى قەیرانى کۆرۆنا و دابەزینى نرخى نەوتەوە رووى لە کەمبوونەوە کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بڕیارەکان کە ئەمڕۆ دەرکران تایبەتن بە هەڵوەشاندنەوەی لێخۆشبوون لە باج بۆ پرۆژەکانی گەشتوگوزار، زەوی پرۆژەکانی وەبەرهێنان، هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای ماس کە تایبەتە بەلێخۆشبوون لە باج.

 

زیاتر بخوێنەوە: وەزیرى دارایى هەرێم چەند بڕیارێکى دەرکرد



لەهەرێمى کوردستان سیستەمى باج بەپێی یاسای باجى دەرامەت ژمارە (113) ساڵى (1982)ى هەموار کراو، یاساى  ژمارە (26) ساڵى 2007 پەرلەمانى کوردستان رێکخراوە. بەڵام حکومەت بەپێی یاسا بەشێکى زۆرى کۆمپانیا و پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى لەباجدان بەخشیوە.

 

بەپێی یاسا، هەموو کۆمپانیایەک ساڵانە داهات و خەرجى لە بودجەى خۆى تۆمار دەکات و لەسەندیکاى ژمێریاران پەسند دەکرێت دواتر پێشکەشى بەڕێوەبەرایەتى باجى دەکات، دواى تاوتوێکردنى ئەگەر داهات وخەرجیەکە ی راست و دروست بوون پەسەند دە کرێت و بە پێچە وانەوە لەلە لایەن دەسهڵاتى دارایی دە خەمڵێنرێت و بودجە کە رەت دەکرێتەوە.

 

هەر بەپێی یاسا، ڕێژەى 15%ى قازانجى کۆمپانیاکان دەبێتە باج و پێویستە بدرێتە حکومەت.

 

زیاد جەبار، سەرۆکى لیژنەى دارایی پەرلەمانى کوردستان بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "هەڵوەشانەوەى لێخۆشبوونى باج دەبێتە هۆى زیادکردنى داهاتى حکومەت، بەڵام قەبارەکەى نازانرێت کە چەندە زیاد دەکات".

 

وتیشى، "داهاتى حکومەت لە ئێستادا ئەوەندەیە کە بەشى موچەى فەرمانبەران ناکات، بۆیە پێویستە کاربکرێت بۆ زیادکردنى، ئەم بڕیارانەى ئێستاش هەوڵێک بەو ئاڕاستەیە".

 

حکومەتى هەرێمى کوردستان ساڵانە بەفەرمى ئەو داهاتە بڵاوناکاتەوە کە لە رێگەى باجەوە دەستیکەوتووە، بەڵام بەپێی هەندێ ئامارى نافەرمى ئەو داهاتە ساڵانە لەنێوان 300-400 ملیار دیناردایە و ئەگەر باج لەسەرجەم کۆمپانیاکان وەربگیرێت داهاتەکە بۆ دوو هێندە بەرزدەبێتەوە.

 

بەپێی ئامارەکان، لە هەرێمى کوردستان سەرەڕاى ئەوەى ژمارەیەکى زۆر کۆمپانیا لە باج بەخشراون، ژمارەیەکى زۆرى کۆمپانیاش تۆمارنەکراون، یاخود بە رێگەى جیاجیا خۆیان لە باجدان دەدزنەوە، بەو هۆیەشەوە ساڵى ڕابردوو کۆمپانیایەکى زۆر دراونەتە دادگا.

 

بەپێی ئامارەکانى بەرێوەبەرایەتى باجى هەرێم، تا کۆتایی ساڵى ڕابردوو، زیاتر لە 30 هەزار کۆمپانیا لە هەرێم تۆمارکراون کە 23 هەزاریان لە بەرێوەبەرایەتى باج تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش نزیکەى پێنج هەزاریان باجیان داوە.

 

ئەو کۆمپانیایانەى لە باج بەخشراون بەپێی هەردوو یاساى وەبەرهێنان و گەشەپێدانى پیشەسازییە، بەڵام بەپێی بڕیارە نوێیەکانى وەزارەتى دارایی چیتر ئەو دوو یاسایە بۆ بەخشین لەباج کاریان پێناکرێت.

 

بەپێی یاساکان بۆ ساڵانێکى درێژ کە لە 10 ساڵەوە دەستپێدەکات پڕۆژە و کارگە پیشەسازییە گەورەکان لە باج بەخشراون، ئەو کەلوپەلانەشى کە بۆ کارگە و پڕۆژەکان دەیانهێنن باجیان لێوەرناگیرێت.

 

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەرى گشتى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى هەرێم بە ناس کوردى وت، "بەپێی ئەو یاسایانە ژمارەیەک کۆمپانیا و کارگە سودمەندبوون و باجیان نەدەدا بە حکومەت، بەڵام لەمەودوا دەبێت باج بدەن".

 

وتیشى "ئەوە یەکێک لە رێگەکانە بۆ زیادکردنى داهات، بەتایبەت لە ئێستادا کە حکومەت روبەڕووى قەیران بووەتەوە".