گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بۆری کونکەرەکان کێن؟

کەسێک کە لە نزیک زەوییەکەیەوە بۆریی نەوت کونکراوە قسە بۆ ناس کورد دەکات

2020.08.24 - 20:04
کەسێک کە لە نزیک زەوییەکەیەوە بۆریی نەوت کونکراوە قسە بۆ ناس کورد دەکات

ناس کورد-

پەرلەمانتارێکى پێشوترى کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەى بۆرى نەوتى هەرێم کوندەکەن دەسەڵاتداران یان کەسانى نزیک لەوانن، خاوەنى یەکێک لەو زەوییانەش کە پێشتر لە تەنیشت زەوییەکەوە بۆرییەکە کونکراوە دەڵێت، بۆرییەکە بە سیکیوریتیەکى بەرز دەپارێزرێت بەڵام هۆکارى کونکردنەکەى نازانرێت.

 

پرسی کونکردنى بۆریی نەوتى هەرێم دەگەرێتەوە بۆ ساڵانێکى درێژ لەمەوبەر، ئەمڕۆ جارێکى تر پرسەکە هاتەوە بەرباس کاتێک لەوەڵامى پرسیارى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕاندا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیرى ناوخۆ ئەوەى ئاشکرا کرد لەچەندین شوێن لەناو هەولێر و سنورى ئەو پارێزگایە و لەسنورى پارێزگاى دهۆکیش حاڵەتى کونکردنى بۆڕى نەوتى هەرێم ڕویداوە.

 

بەپێی وەڵامەکەى وەزیرى ناوخۆ، چەند شوێنێک دەستنیشانکراوە کە بۆرى نەوتى هەرێمى تێدا کونکراوە لەوانە، لەسنورى پارێزگاى هەولێر-ناحیەى قوشتەپە گوندى دۆڵە بەکرە و لە نزیک دیبەگە و گوندى نوغەران لەنزیک گوێڕ، لەسنورى قەزاى سیمێڵ لە پارێزگاى دهۆک، چەند تۆمەتبارێکیش دەستگیرکراون و کەیسەکان لەدادگاى لێکۆڵینەوەیە.

 

پەرلەمانتارێکى خولى سێیەمى پەرلەمانى کوردستان دەڵێت، لەخولەکەى خۆیاندا بەدواداچوونیان بۆ ئەو پرسە کردووە بەڵام خاوەنى ئەو بۆریانە "کەسانى نزیکى دەسەڵاتى پارتین".

me_ga.php?id=773

عەبدوڵاى مەلانورى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، نزیکەى هەشت ساڵ پیش ئێستا سەردانى بۆڕیەکى نەوتیان کرد لەقەزاى خەباتى سەر بەهەولێر لەنزیک کێڵگەى جوتیارێکدا لەو کاتەدا بەماتۆڕ نەوتى ئەو کێڵگەیە دەردەهێنرا و دەکرایە تانکەرەوە و لەبازاڕى قاچاخدا بازرگانى پێوە دەکرا.

 

لەوەڵامى ئەوەى خاوەنى ئەو بۆرییە نەوتیانە کێن، عەبدوڵاى مەلا نورى وتى "خاوەنى ئەو بۆرییە نەوتانە کەسانى نزیکى پارتی و بەرپرسانى ئەو حزبەن و ئەو کێڵگەیەى کە سەردانمان کردن زەوییەکەى هى پیاوێکى بارزانى بوو".

 

وتیشى، "گومانیشم لەسەر ئەوە نیە ئەوانەی بۆڕی نەوت کون دەکەن، لە سێبەری دەسەڵاتدان یان هەر خودی دەسەڵاتدارانن".

 

ناس کورد پەیوەندى بە خاوەنى ئەو زەوییەوە کرد، کەسێک بەناوى دلاوەر وەڵامیدایەوە و وتى، "بەمنزیکانە بۆڕى کونکردن لەنزیک یاخود لەناو زەویەکەى ئەواندا ڕوویاننەداوە و ئەوەى کە ڕوویداوە نزیکەى 10 ساڵ پیش ئێستا بووە".

 

وتیشى، "بۆڕییەکان بەسکیۆریتێەکى زۆر توندوتۆڵدا دەڕوات و ئیدى نازانن کێ ئەو کارانە ئەنجامدەدات بەڵام کاتێک بۆڕیەکان کوندەکرێن ئاوەکەش پیس دەبێت و جارى پێشوو بەو شێوەیەى لێهات بەڵام ئەمجارەیان بەدیوى ئێمەدا نییە و ئەوەى کە جارى پێشووش ڕوویدا کونکردنى مەسفاکە بوو".



وەزیرى ناوخۆى حکومەتى هەرێم لە وەڵامەکەیدا ئەوەى ئاشکرا نەکردووە کە ئەوانەى هەستاون بەکونکردنى بۆرییە نەوتییەکان لەناو شارى هەولێر و دهۆک ناسنامەیان کێ یە و بۆچى ئەو کارانەیان ئەنجدامداوە.

 

بەڵام جەختیکردووەتەوە، هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی کاروباری پاراستنی دەزگا نەوتییەکان بەدواداچوونی بەردەوام و لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکەن.