ناس کورد-
لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنان لەپەرلەمانی کوردستان بەدواداچون دەکات بۆ چارەنوسى زیاتر لە هەزار یەکەى نیشتەجێبوون، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریدا میواندارى وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و سەرۆکى دەستەى وەبەرهێنان بکات.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەو بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆى لیژنەکەدا درا کە تێیدا گفتوگۆکرا لەبارەى دواھەنگاوەکانی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێچییەکان لەپارێزگاکانی ھەرێم، ئەوەش بەپێی ماڵپەڕى فەرمى پەرلەمان.
لە کۆبوونەوەکەدا لیژنەکە چەند بریارێکى دهركرد لهوانه، میوانداریکردنی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەمەبەستی دیاریکردنی چارەنووسی یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمدەرامەت و کرێچییەکان، ھەروەھا بۆ وەرگرتنی روونکردنەوە لەسەر دواھەنگاوەکانی وەزارەت لەسەر كێشهی ڕێگاوبانەکانی ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی.
ھەوەھا لیژنەکە بڕیاریدا میوانداریی سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بکات بەمەبهستی پێدانی لیستی پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەھەموو ڕوویەکەوە، وەرگرتنی زانیاریی پێویست لەسەر چارەنووسی هەزار و پەنجا یەکەی نیشتەجێوون کە لەساڵی 2020 بڕیاری لەبارە دراوە، ھەروەھا پێدانی زانیاری بەلیژنەكه لەسەر نەخشەی وەبەرھێنان لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
هەر لەکۆبوونەوەکەدا لیژنەکە بریاریدا نوسراوێک ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بکات بەمەبهستی دروستکردنی لیژنەیەکی لاوەکی بۆ بەدواداچوونی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو وەبەرھێنان.