ناس کورد –
باڵیۆزی عێراق لە سعودیە ڕایگەیاند، بەمنزیکانە مستەفا کازمی سەردانی سعودییە دەکات و لەمیانەی سەردانەکەشدا چەند پرسێکی ئابوری و بازرگانی و وزە لەنێوان هەردوو وڵاتدا تاووتوێ دەکرێن.
قەحتان جەنابی، باڵیۆزی عێراق لە ریاز، بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمیی عێراقی ڕایگەیاند: " ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی مستەفا کازمی بۆ وڵاتی سعودییە بەردەوامە وچاوەڕوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ڕیاز بکات".
وتیشی: " باڵیۆزەخانەی عێراق و وەزارەتی دەرەوی سعودیە لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ ڕێکخستنی ئەو سەردانە و دیاریکردنی کاتەکەی".
جەنابی ڕوونیشیکردووەتەوە: "عێراق وسعودیە دەیانەوێت بە هاوکاری کۆمپانیای نەوتی سعودیە ( ئەرامکۆ) وەبەرهێنان و پڕۆژەی ستراتیژی لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراقدا ئەنجامبدەن.
باڵیۆزی عێراق لە سعودییە باسی لەوەشكردووە، لە هەمانکاتیشدا پرسی دەروازە سنورییەکانی نێوان هەردوو وڵات تەوەرێکی گفتوگۆکان دەبێت لەسەردانەکەی کازمیدا و هەردوو وڵات پلانیان هەیە کە دەروازە سنورییەکانی نێوانیان زیاد بکەن کە درێژی سنوری نێوان هەردوو وڵات نزیکەی 800 کیلۆمەترە.