گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

داوا لە حکومەتى هەرێم دەکات لیژنەیەک لەو بارەیەوە پێکبهێنێت 

کۆمەڵەیەکى عێراقى سەرکۆنەى دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووسانى کوردستان دەکات 

2020.08.24 - 13:48
کۆمەڵەیەکى عێراقى سەرکۆنەى دەستدرێژیکردنە سەر رۆژنامەنووسانى کوردستان دەکات 

ناس کورد-

 کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لەعێراق سەرکۆنەی ڕاگەیاندراوەکەی نوسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد کە تیایدا کەناڵی NRT تۆمەتبارکرد بەهاندان بۆ ئەنجامدانی پشێوی وگێرەشێوێنی، داواشیکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆی لە پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان، ئازادی کاری میدیا و ڕۆژنامەوانی بەجێ بهێنێت.

 

کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لەعێراق وەڵامی ڕاگەیاندراوەکەی  نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە کە نوسینگەکە داوای لە حکومەتی هەرێم کردبوو کەناڵی NRT دابخات و تۆمەتباری کردبوو بەهاندان بۆ ئەنجامدانی پشێوی و گێرەشێوێنی.

 

لەوەڵامی کۆمەڵەکەداهاتووە "بەسەرسوڕمانەوە دەڕوانینە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستان کە تێیدا بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بەو دەستدرێژیانە نەکردووە کە لەڕۆژانی ڕابردوودا دوچاری ڕۆژنامەنووسان بووەتەوە".

 

ئاماژە بەوەکراوە، "کارمەندان و ڕۆژنامەنووسانی کەناڵی NRT پشکی شێریان بەرکەوتووە لەو دەستدرێژیانە و لەهەمانکاتیشدا حکومەتى هەرێم هیچ هەنگاوێکی نەناوە بۆ لێکۆڵێنەوە و سزادانی ئەو هێزە ئەمنییانەی کەئەو پێشێلکاریانەیان ئەنجامداوە".

 

ئەوەشخراوەتە ڕوو"ڕاگەیەندراوەکەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بەحکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵنەر و هاندەرە بۆ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان بەردەوام بن لە ئەنجامدانی پێشێلکاری دژ بە ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوەکانیان".

 

کۆمەڵەی بەرگریی لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لەعێراق بەتوندی سەرکۆنەى ڕاگەیاندراوەکەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە بە "گورزێکی نوێ وسەختی وێنا کردووە دژ بە ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی کە لە دەستوری عێراقدا جێگیرکراوە".

 

کۆمەڵەکە داواشی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە چاو بە سیاسەتەکانی لە بارەی شێوازی مامەڵکردنی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و دامەزراوە ڕۆژنامەوانییەکاندا بخشێنێتەوە وپابەندی ئەو ڕێککەوتنانە بێت کە جەختیانکردووەتەوە لە پاراستنی مافی ڕادەربڕین وگردبوونەوەی ئاشتیانە".

 

کۆمەڵەکە بە پێویستیشزانیووە" ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی لە هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان فەراهەم بکرێت و ڕۆژنامەنوسانی کوردیش نەبن بە دیل و ژێردەستەی ڕێکارە نایاساییەکان و نا دەستورییەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێم.