ناس کورد-
سوپاى نیشتیمانى لیبیا ڕایگەیاند، هێزەکانیان لەماوەى 24 کاتژمێرى ڕابردوودا چاودێرى جموجۆڵى دوو کەشتى و چەند تیمێکى سەربازى تورکیایان کردووە کە بەرەو شارى سرت کەوتونەتە ڕێ و ئامادەکارى دەکەن بۆ هێرشکردن.
لیوا ئەحمەد مسمارى، وتەبێژى سوپاى نیشتیمانى لیبیا لەکۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیى کە لەشارى بەنغازى وڵاتەکەى سازى کرد ڕایگەیاند، جموجۆڵێکى سەربازى و گواستنەوەى یارمەتیدانى سەربازى بۆ بەئامانجگرتنى سوپاى نیشتیمانى لەشارى سرت هەیە کە میلیشیاکانى حکومەتەکەى تەرابلۆس هەوڵى کۆنترۆڵکردنى دەدەن.
بەوتەى مسمارى ئەو جموجۆڵە سەربازیییەى ئەمدواییە جەخت لەسەر پلانە گەورەکەى حکومەتەکەى سەڕاج دەکاتەوە و ئەو دەستپێشکەرییانەى کە سەڕاج واژۆى لەسەر کردووە بۆ ئاگربەست تەنها بۆ پڕوپاگەندەى میدیاییە.
ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، دەستپێشکەرییەکە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوە و ڕاستیەکى دیکە لەسەر زەوى نیەتى هێرشکردنە سەر سوپاى نیشتیمانى دەردەخات و سوپاى نیشتیمانى لیبیاش ئامادەسازى تەواوى هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەى هەر هێرشێک.