گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مستەفا کازمى دەسەڵاتى لابردنى پارێزگارەکانى هەیە؟ 

2020.08.23 - 18:57
مستەفا کازمى دەسەڵاتى لابردنى پارێزگارەکانى هەیە؟ 

ناس کورد- 

یاساناسێکى دیارى عێراق ڕایگەیاند، بەهۆى نەمانى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراقەوە، سەرۆکوەزیران لەپرسى وەرگرتنەوەى متمانە و لەسەر کالابردن و دامەزراندن و دەستلەکارکێشانەوەدا بەهاوکارى پەرلەمان ڕۆڵى سەرەکیى هەیە .

 

 

لەڕاگەیەنراوێکدا عەلى تەمیمى، شارەزاى یاسایى عێراقى ڕایگەیاند، لەسەر کارلابردنى پارێزگارەکان بەپێى مادەى 7ى یاسایى ژمارە 21ى ساڵى 2008 دەبێت یەکێک لەهۆکارەکان، بەهەدەردانى سەروەت و سامانى گشتى، ناشەفیەت لەکارەکانیدا، قۆرخکردنى پۆستەکەى بۆ بەرژەوەندییەکانى، یاخود لەدەستدانى مەرجەکانى ئەندامێتى لەپڕۆسەى لێپرسینەوە لەسەر بنەماى داواى سێ یەکێک لەئەندامانى ئەنجومەنى پارێزگاکە.

 

ڕوونیشیکردووەتەوە، لەئەگەرى قایل نەبوون لەوەڵامەکانى پارێزگاردا لەپڕۆسەى لێپرسینەوەدا ئەوا ئەنجومەنى پارێزگا وادەیەک دیارى دەکات بۆ دانیشتنێک بەمەبەستى دەنگدان بۆ وەرگرتنەوەى متمانە لە پارێزگار لەسەر یەکێک لەو هۆکارانەى کە باسکران کە لەمادەى 7ى یاساکەدا هاتووە و لەلایەن ئەنجومەنەکانەوە کارى پێدەکرێت بەڵام ئەو ڕێگایە دواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئەویش بەستراوە.

 

ئاماژەى بۆ ئەوەش کردووە، سەرۆکوەزیران بۆى هەیە داوا لەپەرلەمان بکات کە لەسەر یەکێک لەو هۆکارانەى باسکران متمانەى لێ وەربگیردرێت گەر زۆرینەى سادەى دەنگەکان دەنگیان بۆ وەرگرتنى متمانەیدا بەپێى مادەى 7ى یاساى پارێزگاکان پارێزگار وەکو کاربەڕێکەرى لەسەر کارەکەى بەردەوام دەبێت تا ئەوکاتەى دادگاى کارگێڕى ڕاستاندن بۆ بڕیارەکە دەکات.

 

ئەو یاساناسە ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، بەپێى یاسایى14ى ساڵى 1991 بۆ ڕێککارى فەرمانبەرانى دەوڵەت سەرۆکوەزیران بۆى هەیە متمانە لەپارێزگار وەربگرێتەوە یاخود لەکارەکەى سڕى بکات، ئەوەش بەپێی مادەى 78 ى دەستور دواى ئەوەى لەلیژنەیەکى لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت کەمتەرخەمى لەبەرامبەر ئەرکەکانیدا کردووە.

 

تەمیمى ئەوەشى خستووەتە ڕوو،  دادگاى فیدراڵى بەبڕیارى ژمارە 80ى ساڵى 2017 دەسەڵاتى چاودێریکردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان و هەموو دەزگا جێبەجێکارەکان کە پارێزگاریش بەشێکە لێیان و ئەوەش لەمادەى 2 دووەمى یاسایى ئەنجومەنى پارێزگاکاندا هاتووە.

 

لەبارەى دامەزراندنى پارێزگارەوە، یاساناسە دیارەکەى عێراق دەڵێت، بەهۆى نەبوونى ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە سەرۆکوەزیران پێشنیارى کەسێک دەکات و ڕەوانەى پەرلەمانى دەکات دەنگدانى بۆ دەکرێت و لەئەگەرى بەدەستهێنانیى زۆرینەى ڕەهاى دەنگەکاندا ئەوا ئەو کاندیدە دەبێتە پارێزگار.

 

تەمیمى لەبارەى دەستلەکارکێشانەوەى پارێزگاریشەوە ئەوەى خستووەتە ڕوو، دەستلەکارکێشانەوەى پارێزگار لەڕێگەى پێشکەشکردنى داوایەکەوە دەبێت بۆ سەرۆکوەزیران ئەوەش بەهۆى نەمانى ئەنجومەنى پارێزگاکانەوە.