گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی هەرێم: داخستنی ئێن ئاڕ تی بۆ ڕێگریکردن بووە لە گێرەشێوێنی

2020.08.23 - 15:41
App store icon Play store icon Play store icon
حکومەتی هەرێم: داخستنی ئێن ئاڕ تی بۆ ڕێگریکردن بووە لە گێرەشێوێنی

ناس کورد-

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم دەڵێت، رێکاری پێویست بەرامبەر نوسینگەکانی کەناڵی NRT گیراوەتەبەر بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی و گێرەشێوێنی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ماوەیەکە بە سوود وەرگرتن لە ئازادی کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان چەند کەس و دەزگایەکی راگەیاندن بە هەموو شێوەیەک دژی ئەزمونی هەرێمی کوردستان رەفتار دەکەن بێ گوێدانە هیچ بەهایەکی نیشتمانی و نەتەوەیی تەنانەت رێزیان بۆ پیرۆزییەکانیش نەهێشتۆتەوە، لەوانەش کەناڵی NRT و شاسوار عەبدولواحیدی خاوەنی ئەم کەناڵە .ئەوەشی راگەیاند کە شاسوار عەبدولواحید لە رێگای ئەم کەناڵە لە پرسە چارەنوسسازەکانی کوردیشدا وەک پرۆسەی ریفراندۆم دژی ویستەکانی گەلی کورد وەستایەوە و لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان کەمپینی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆم رێکخست بوو. لەلایەکی ترەوە لە گەرمەی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە کاتێکدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرەکانی بەرگریدا بوون، کەناڵەکەی هانی خەڵکی دەدا بۆ نانەوەی ئاژاوە بە بیانووی دواکەوتنی موچەوە."

 

دیندار زێباری دەشڵێت: "چەندین جار دادگا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ شاسوار و داخستنی کەناڵەکەی دەرکردووە لەوانە بە تۆمەتی خراپ بەکارھێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییکردن، لەلایەکی دیکەوە داواکارى گشتى لە مانگی شەشی ئەم ساڵدا داوای ئەوەی کردبوو لەبەر بەرژەوەندى هاوڵاتیان و هێورکردنەوەى بارودۆخى ناوخۆى هەرێم و سەرپێچی کردن لە رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی لەخۆ پارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە پێویستى دەزانن کەناڵەکانى ئێن ئاڕ تى کوردى و عەرەبى بە یەکجاریی دابخرێت. هەروەها پێشتریش بە هۆی سەرپێچی کردن لە یاسا و رێنماییەکان کەناڵەکە بۆ ماوەی کاتی داخرابوو."



ئاماژەى بەوەشکرد کە "کەناڵیNRT بە بەردەوامی بۆ ئاقارێکی زوور خراپدا رویشتووە لە هاندانی خەلک بۆ یاخیبوون لە بریارەکانی وەزارەتی ناوخۆ و شکاندنی قەدەغەی هاتووچو و گومان دروستکردن لەسەر بوونی نەخۆشی کۆرۆنا دوور لە یاسا و پێچەوانەى ماددەی سێیەم بەرگەى سێیەمە لە رێنمایی رێکخستنی فریکوێنسی سپەیس لە هەرێمی کوردستان (رێنمایی مۆڵەتی تەلەفزیۆن و ڕادیۆ). وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەرێوەبەرایەتی گشتی و ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە بەشی یاسا لە ٣/٦/٢٠٢٠ کەنالی ناوبراوی ئاگادار کردووتەوە کە بەردەوامیدان بەم شێوازە لە راگەیاندن پێویستە رابگیرێت و ڕەچاوی بارۆدوخی هەرێمی کوردستان بکرێت بە پێچەوانەوە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان ناچارن رێکاری یاسایی بەرامبەر کەناڵی ئاسمانی NRT بگرنەبەر. بۆ ئەم مەبەستە لەم دواییەدا وەزارەتی رۆشنبیری لەسەر داوای داواکاری گشتی سکاڵای تۆمار کردووە لە دادگا و ڕۆژی ٩/٩/٢٠٢٠ دیاریکراوە بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەی دادگاییکردنەکە."

 

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بارەی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان راشیگەیاند: بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسی ژماره‌ (٣٥)ی ساڵی (٢٠٠٧)، لەم یاسایەدا گشت ئەرك و مافەكانی رۆژنامەنووسان و دەزگاكانی راگەیاندن دیاریكراوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرنگییەكی زۆر بە ئازادییەكان و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ دەدات لە هەر ئاستێكدا بێت بەتایبەتی لە بواری رۆژنامەنووسیدا، بەڵام لە هەمان كاتدا ناكرێ پیشەی رۆژنامەنووسی ببێتە هۆكارێك بۆ بەزاندنی ئازادی كەسانی تر و هۆكارێك بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.


چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی زاخۆ، ئۆفیسەکانی ئێن ئاڕ تی لە دهۆک و هەولێر داخران، دیندار زێباری باسی لەوەشکرد، ڕێکاری پێویست بەرامبەر نوسینگەکانی کەناڵی ئاسمانی NRT گیراوەتەبەر لە شارەکانی هەرێم بۆ ڕاگرتنی هاندانی توندوتیژی و گێرەشێوێنی و تێکدانی ئارامی هەرێمی کوردستان.