گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

80 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سلێمانی

بازگەکان بڕیارەکەی ’’هەڤاڵ ئەبوبەکریان بۆ قەدەغەی هاتنی گەشتیاران جێبەجێ نەکرد’’

2020.08.23 - 14:13
App store icon Play store icon Play store icon
بازگەکان بڕیارەکەی ’’هەڤاڵ ئەبوبەکریان بۆ قەدەغەی هاتنی گەشتیاران جێبەجێ نەکرد’’

ناس کورد-

ئەگەرچی بەپێی بڕیارێکی بەرواری 27ی مانگی ڕابردووی پارێزگاری سلێمانی، هاتنەناوەوەی گەشتیار بۆ پارێزگاکە قەدەغەبوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی ناس کورد لە ڕۆژی پێش جەژنەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 80 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنوری پارێزگاکە، سەرچاوەیەکیش دەڵێت، بازگەکان بڕیارەکەی پارێزگاریان جێبەجێنەکرد.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

گەشتیارانی عەرەب لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سلێمانی بوونەتە چەکێکی دووسەرە، هەم سودیان هەیە و هەم زیان، لەسەرەتای ئەم مانگەوە و لەڕۆژانی جەژنەوە تا ئەمڕۆ بازاڕ و ڕێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکانی سنوری سلێمانی پڕن لە گەشتیارانی ناوچەکانی خوارووی عێراق، کە ڕۆژانە هەزاران توشبووی کۆرۆنای تێدا تۆماردەکرێت.

 

لە بەرواری 27ی تەموزی 2020، واتە چەند ڕۆژێک پێش جەژنی قوربان، پارێزگاری سلێمانی کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد و بەگوێرەی بڕیارەکان، هاتنەناوەوەی گەشتیاران بۆ پارێزگاکە قەدەغە بوو، بەڵام دوو ڕۆژ لەدوای بڕیارەکە هاتنی لێشاوی گەشتیارانی خوارووی عێراق بۆ سلێمانی دەستیپێکرد.

 

بەگوێرەی ئامارێک کە لە سەرچاوەیەک لە گەشتوگوزاری سلێمانییەوە دەست ناس کورد کەوتووە: "لەبەرواری 30ی تەموزی ڕابردوو تاوەکو ئەمڕۆ 23ی ئاب، واتە لەماوەی 24 ڕۆژدا، زیاتر لە 80 هەزار گەشتیار هاتوونەتە ناو سنوری پارێزگای سلێمانی."

 

سەرچاوەکەی گەشتوگوزاری سلێمانی بە ناس کوردی وت: "گەشتوگوزاری سلێمانی پەیوەندییان بەوەوە نییە کە ڕێگە بە گەشتیار دەدرێت بێنە سلێمانی یاخود نا، ئەوە لە دەسەڵاتی پارێزگاردایە، بەڵام بازگەکان و دەسەڵاتی ئەمنی، فەرمانەکەی پارێزگاریان جێبەجێنەکرد و سنورەکانی پارێزگاکەیان بۆ گەشتیاران کردەوە."

 

وتیشی: "لەڕووی ئابورییەوە ئەو گەشتیارانە سودێکی زۆریان هەبووە و بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەکانی سلێمانیان بوژاندووەتەوە، بەڵام لەڕووی تەندروستییەوە بێگومان کە زیانیان هەیە و کاتێک  بڕیارێک دراوە بە قەدەغەی هاتنی گەشتیار پێویستبوو جێبەجێبکرێت."

 

لەوبارەیەوە، ناس کورد پەیوەندیکرد بە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی و بەرپرسانی تەندروستیی سلێمانییەوە، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکەیان نەدایەوە.