گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەموو شتێک لەبارەى ئەو بنکە سەربازییەى ئەمڕۆ ئەمریکا لە بەغدا چۆڵی کرد

2020.08.23 - 13:20
هەموو شتێک لەبارەى ئەو بنکە سەربازییەى ئەمڕۆ ئەمریکا لە بەغدا چۆڵی کرد

ناس کورد - هەڤاڵ فەتاح

ئەمڕۆ هێزەکانی ئەمریکا بە فەرمی لە بنکەی سەربازیی تاجی لە باکوری ڕۆژئاوای بەغدا کشانەوە و سەربازگەکەیان ڕادەستی سوپای عێراق کرد .

 

به‌وته‌ی بەرپرسە سەربازییەکانی عێراق، كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا پلانێكی نوێی ئه‌و وڵاته‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی ڕێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌كانیان له‌ عێراق، بەگوێرەی زانیارییەکانیش ئەو هێزانە لە بنکەی سەربازیی حەبانییە سەر بەپارێزگای ئەنبار جێگیردەکرێن.

 

تەحسین خەفاجی، وتەبێژی ئۆپڕاسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ئاژانسی فەرمی عێراق ڕاگەیاند: "دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە پێگەی ژمارە هەشت کە وەک شوێنێکی تاییەت بە مەشق و ڕاهێنانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لەلایەن ڕاهێنەرە ئوستوڕاڵییەکان، نیوزلەندییەکان  و ئەمریکییەکان بەکاردەهێنرا."

هێزە ئەمریکییەکان کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لەو بنکەیە جێگیربووبوون، کشانەوەی ئەو هێزانە لە کاتێکدایە کە پێشتریش به‌رپرسانی ئه‌مریكا باسیان له‌وه‌ كردبوو کە به‌شێك له‌ هێزه‌كانیان له‌ عێراق ده‌كشێننه‌وه‌، به‌ڵام تا ئه‌وكاته‌ی عێراق ده‌توانێت به‌رگری له‌خۆی بكات ده‌مێننه‌وه‌.

 

ئەمە لە کاتێکدایە کە پەرلەمانی عێراق لە 5ی کانوونی دووەمی2020، بەهۆی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانی لە عێراق پەسەند کرد.

لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق  له‌ یه‌كه‌م لێدوانیدا له‌دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مەریكا ڕایگه‌یاند، "له‌گه‌ڵ تره‌مپ له‌سه‌ر دیارییكردنی خشتەیەك بۆ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ عێراق ڕێككه‌وتوون".

 

سه‌ربازگه‌ی تاجی به‌دوری 85 كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوری شاری به‌غداوه‌، هه‌م فڕۆكه‌خانه‌ و هه‌م بنكه‌یه‌كی سه‌ربازیه‌ و پێشتر له‌لایه‌ن سوپای پاسه‌وانی كۆماری سه‌رده‌می سه‌دام حسێن دروستكراوه‌، له‌ڕێگه‌ی ئه‌و سه‌ربازگه‌یه‌وه‌ كاری چاككردنه‌وه‌ی تانك و زریپۆشه‌كان ئه‌نجامدراوه‌، سوپای ئەمریکا لەسەرەتای داگیرکردنی عێراقەوە لە ساڵی 2003 وە لەو سەربازەگەیە جێگیربووە.

مێژووی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەگەڕێتەوە بۆ دوو سەردەمی جیاواز، سەردەمی یەکەم لە ساڵی  2003ەوە دەست پێدەکات تا ساڵی 2011 ئەو کاتەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیاری دا لەوساڵدا هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق  بکشێنێتەوەکە ژمارەیان نزیکەی 150 هەزار سەربازبوون.

 

سەردەمی دووەم لە ساڵی 2014 دەستی پێکرد، کاتێک واشنتۆن بڕیاریدا هێز ڕەوانەی عێراق بکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕێکخراوی داعش.

 

بەگوێرەی ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی، ژمارەی ئەو سەربازە ئەمریکیانەی کە لە ئێستادا جێگیرکراون مەزەندە دەکرێن بە شەش هەزار سەرباز و لە 12 بنکەی سەربازی لە عێراق جێگیرکراون.

 

بەگوێرەی  ڕۆژنانەی "تەلەگراف"ی بەریتانی لە لە ئێستادا 12 سەربازگەی ئەمریکی لە عێراقدا هەیە و ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکاش لە عێراق نزکەی شەش هەزار سەربازن.

سەربازەگەی ئەبوغرێب لە ساڵی 2003وە دروستکراوە , بەدووری 32 کیلۆمەتر لە بەغدای پایتەختەوە دووروە.

 

سەربازگەى فەلوجە، لەلایەن سوپای ئەمریکاوە ناسراوە" کامپ باهاریا" ودەکەوێتە دەرەوەی شاری فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار.

 

سەربازگەی ئەشرف، دەکەوێتە قەزای خالس لە پارێزگای دیالە لەلای ئەمریکییەکان ناسراوەو بە "شێری سور".

سەربازگەی عەدالە دەکەوێتە ناوچەی کازمییە لە ناو جەرەگەی شاری بەغدا لە ساڵی ە2006ەوە لەلایەن سوپای ئەمریکاوە بەکاردەهێنرێت، لەو سەربازگەیەدا  سەدام حسێن و عەلی کیمیایی لە سێدارەدران.

 

سەربازگەی سکایز کە دەکەوێت قەزای تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا.

 

سەربازگەی نەسریش دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لە 10 پێگەی  سەربازی پێکدێت.

 

سەربازگەى بوکا دەکەوێتە نزیک شاری (ئوم قەسر) لە پارێزگای بەسرە، یەکێکە لە گرنگترین سەربازگە ئەمریکییەکان، سەربازگەکە بەندینخانەیەکی بەناوبانگی تێیدایە کە ترسناکترین تاوانبارەکانی تێیدا زیندانی کراوە.

 

سەربازگەی زورباتییە دەکەوێتە سەر سنوری نێوان عێراق و ئێران لە پارێزگای واسیت لە ساڵی 2003وە سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیر بووە..

سەربازگەی تاجی، سوپای ئەمریکا لە ساڵی 2003وە لەو بنکە سەربازییەدایە و لەساڵی 2014وە بوەتە بنکەی سەرەکی هێزەکانی هاوپەیمانی  نێودەوڵەتی دژ بە داعش.

 

بنکەی ئاسمانی بەلەد، بەدووری 60 کیلۆمەتر لە باکوری شاری بەغداوە دوورە لە گرنگترین بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە و ناسراوە بە( ئەناکۆندا).

 

سەربازگە عەین ئەسەد، دەکەوێتە پارێزگای ئەنبار ونزیکەی هەزار و500 سەربازی ئەمریکی تێیدایە، لە نێوان ساڵانی 2007 و2009 لەلایەن هەردوو سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە  "جۆرج بۆش وباراک ئۆباما" سەردانیانکردووە.

 

بنکەی ئاسمانی هەولێر، لە ساڵی 2015 وە سوپای ئەمریکا تێیدا جێگیربوون ، بنکەیەکی سەربازی پێشکەوتووە ژمارەیک فڕۆکە، وڕادارو موشکی پێشکەوتووی تێیدایە.