گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’دەچێتە خانەی تاوان’’

مەسرور بارزانی لە ڕووداوەکانی هەڵەبجە نیگەرانە و داوای ’’سزادانی’’ خۆپیشاندەران دەکات

2020.08.23 - 10:53
مەسرور بارزانی لە ڕووداوەکانی هەڵەبجە نیگەرانە و داوای ’’سزادانی’’ خۆپیشاندەران دەکات

ناس کورد-

لەدوای خۆپشاندانەکەی شەوی ڕابردووی هەڵەبجە و سوتاندنی چەند بینایەکی حکومی و حزبی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم پەیوەندی بە پارێزگاری شارەکەوە کرد و نیگەرانی خۆی لە دۆخەکە دەربڕی و داواشیکرد، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکی حکومەت، ئەمڕۆ یەکشەممە، 23ی ئابی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد.

 

 

ئاماژە بەوەشكراوە: "سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا."

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا: "ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر."

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (تووەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات، هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان  و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان،  بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت."

 

ئاماژە بەوەشکراوە، دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاپرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو لەشاری هەڵەبجە درەنگانی شەو بەشێک لە هاووڵاتیان ڕژانەسەر شەقامەکان و چەند دامودەزگایەکی حکومی و حزبییان سوتاند.